لانیکەم ٢٠٠ کەس لە کامپی ڕەفەح کوژران

ڕێکخراوی UNRWA لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکانی شاری ڕەفەح لانیکەم ٢٠٠ کەس کوژراون.

ناوەندی هەواڵ 

 

جولیێت توما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان-UNRWA کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەی لە نیویۆرک سازکرد و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند، لە دوای ٦ی ئایارەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە بەشی باشووری غەززە شاری ڕەفەحیان بەجێهێشتووە.

 

"تۆپبارانی قورس بەردەوامە"
جولیێت تۆما خستیەڕوو، کە ئەو کەسانەی شاری ڕەفەحیان دووبارە بەجێهێشتووە، پێشتر بەهۆی تۆپبارانکردنی قورس لە ناوچەکەدا چەند جارێک ئاوارە بوون، هەروەها لە ماوەی ٣ هەفتەی ڕابردوودا تەنها ٢٠٠ بارهەڵگری فریاگوزاری تێپەڕیوون و وتیشی: پێداویستی خەڵک لە زیادبووندایە، ئەمە تەنها دڵۆپێکە لە زەریاکەدا.

 

"زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژران"
جولیەت توما ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکی نێودەوڵەتی پێشکەشی کردوون و سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی فەلەستینیەکان کە ناچار بوون شاری ڕەفەح، بەجێبهێڵن، خستەڕوو وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوای ٢٦ی ئایارەوە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە زیادی کردووە، لانیکەم ٢٠٠ کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، گیانیان لەدەستداوە، ئەمە مەترسیدارە کە لە هەموو شوێنێکی غەززە مردن هەیە.