دۆخی ئەمنی توند لە سیستان و بەلوچستان بەردەوامە

سەرەڕای کەمبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی بەلوچ لە ڕۆژانی هەینی ناڕەزایەتیدا، هێشتا هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران لە شارە جیاوازەکانی سیستان و بەلوچستان جێگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵکی بەلوچ دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، لە ڕۆژانی هەینی ناڕەزایەتیدا، هێشتا هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی رژێمی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دەوروبەری شەقامی خەیام و مزگەوتی مەکی جێگیر کراون.

 

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی فیزیکی پشکنینیان بۆ نوێژخوێنان کردووە.

 

هەروەها بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، دوای ململانێی نێوان جەیش ئەلعەدل و هێزە ئەمنییەکان و کوژرانی ژمارەیەک سەربازی ئێرانی، جگە لە زاهیدان، دەوریە و داخستنی دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی شارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کەشێکی ئەمنی توندیش هەموو شارەکانی باشووری بەلوچستانی گرتووەتەوە.

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن رژێمی ئێران و دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە چابەهار لەلایەن فەرماندەی هێزی پۆلیسەوە، خەڵکی بەلوچ دەستیان بە ناڕەزایەتی جەماوەری کرد، ڕۆژانی هەینی دوای نوێژی هەینی بەردەوامییان بە ناڕەزایەتییەکان دەدا.