لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ٤ی نیسان پیرۆز کرا
٧٥ەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان بە نەمام چاندن پیرۆز کرا.
ناوەندی هەواڵ
٤ی نیسان، ٧٥ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە، کە گەلی کورد بە ڕۆژی ژیانەوە پێناسەی دەکەن و لە کوردستان و جیهاندا بۆ پیرۆزکردنی ئەو ڕۆژە بە هەزاران نەمام دەچێندرێت، کە ئەم چالاکییە دەگەڕێتەوە بۆ هزری پاراستنی ژینگە و خاکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان.
بەو بۆنەیەوە دوێنێ، ٤ی نیسان لە شاری سلێمانی، کەلار، کۆیە، ڕانیە و چەندین شار و شارۆچکە هەڵمەتی نەمام چاندن بەڕێوە برا.
کەلار/
لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەنجوومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، بۆ پیرۆزکردنی ٤ـی نیسان ڕۆژبوونی ڕێبەر ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کورد، لە چالاکییەکدا ٧٥ نەمامیان لەسەر شەقامە گشتییەکان چاند.
ڕاپەڕین/
لە هەرێمی ڕاپەڕین بە بۆنەی ٤ـی نیسان یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی گەلی کورد، بە دەستپێشخەریی گەنجانی باشووری کوردستان چالاکییەک ئەنجامدرا و نەمامیان چاند.
لە چالاکییەکەدا دەیان کەس بەشدارییان کرد، لە سەرەتادا بە سەدان نەمام چێنران و دواتر سیمینارێک دەربارەی ژیان و بەرخودانی ڕێبەر ئۆجالان پێشکەش کرا، لە کۆتاییشدا ئێوارەخوانێکی بەربانگ بۆ بەشداربووان ڕێکخرا.
کۆیە/
لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و كۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، ٤ـی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە نەمام چاندن پیرۆز کرا.
بەشداربووانی چالاکییەکە، بە درووشمی ” بژی سەرۆک ئاپۆ و “بێ سەرۆک ژیان نابێ” ٤ـی نیسانیان پیرۆز کرد و لە گوندی عەوداڵان چەندین نەمامیان چاند.
بناری قەندیل/
لە گوندی شێنێی بناری قەندیل بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کورد پیرۆز کرا و چەندین نەمامیان ناشت.
لە چالاکییەکەدا سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بە بیرهێنرانەوە و ٤ـی نیسانیان لە هەموو گەلی کورد و گەلانی بندەست پیرۆز کرد و درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێ” وترانەوە.
لە گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل، بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل و شارەوانی بناری قەندیل، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کورد، بە نەمام چاندن پیرۆز کرا.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کوردیان، بە چاندنی ٧٥ گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدان لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید محەمەد قەرەسوونگور لە بناری چیای قەندیل پیرۆز کرد.
سلێمانی/
لە شاری سلێمانی بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان – ڕژاک، بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کورد، ئاهەنگێک ساز کرا و ٧٥ نەمام چێندرا، ئاهەنگەکە، بە خوێندنەوەی شیعرێک بۆ پیرۆز کردنی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان دەستی پێ کرد، دواتر ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سروودی ئەی ڕەقیبیان وتەوە، دواتر لەلایەن بەشداربووان و کەسوکاری شەهیدانەوە ٧٥ نەمامی سنەوبەر و چوار گوڵەباخ چێندران وەک ئاماژەیەک بۆ ٧٥ مین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان.
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، بە بۆنەی ٤ـی نیسان ڕۆژبوونی ڕێبەر ئۆجالان و جەژنی ژیانەوەی کورد، لە شاری سلێمانی سیمینارێکیان بە ناونیشانی ‘ڕێبەر ئۆجالان لەدایکبوونی بیرێکی نوێ’ بۆ کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر ڕێکخست.
لەو سیمینارەدا شیرین موراد سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا، قسەی کرد و وتی: کوردەکان کلییلی چارەسەریین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها ژنی کورد بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەیە و پێشەنگایەتی شۆڕش دەکات، ئەمەش لە تێز و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانەوە ڕەنگڕێژ بووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەیە لە بنیادنان و دەستخستنی مافی نەتەوەی کورد.
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا عادل عوسمان نووسەر، باسی لە تێڕوانینی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد لە مەڕ ژینگە و وەک پایەیەکی سەرەکی فەلسەفەکەی و وتی: تێگەیشتنی تاکی کورد لە تێڕوانینەکانی ڕێبەری کورد سەبارەت بە ژینگە دەمان گەیەنێتە ئاستێک کە کۆمەڵگە شانەوشانی گرنگیدان بە ژینگە بەرەو پیشەوە بڕوات.
لە درێژەی سیمینارەکەدا محمەد بەکر نووسەر، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەری خەبات و تێکۆشانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ڕێبەر ئاپۆ لە فکر و فەلسەفەی خۆیدا گرنگییەکی تایبەتی داوە بە ژن و زانست و کۆمەڵگە و بەردەوامیش هەوڵی ئازادیی ژنی داوە.
هەروەها نووسەر هەردی دولبەر لە سیمینارەکەدا قسەیکرد و وتی: کۆمەڵگەی ئازاد لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە بەواتای ئاواکردنی ئایدۆلۆژیا و ئەخلاق و سیاسەت و فەلسەفە دێت، ئەمانەش گرێدراوی زانین و باوەڕن، کە ڕاستینەی هەر کۆمەڵگایەک پێکدێنن، هەروەها کۆمەڵگەش لەمانە پێکدێت، لە سیمینارەکەدا وێڕای پیرۆزکردنی ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، تیشکی خستەسەر پێداگرتنی ڕێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشان و بەرخۆدان و وتی: هەر ئەمەش شۆڕشی گەیاندە ئەم ئاست و سەردەمە.
کەرکوک/
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ٤ـی نیسان ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جەژنی ژیانەوە، بە ناشتنی نەمام پیرۆز کرا.
لە چالاکییەکەدا ٧٥ نەمام وەک ئاماژەیەک بۆ تەمەنی ڕێبەر ئۆجالان چێندران، هاوکات درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێ”ـیان وتەوە.
بەشداربووانی چالاکییەکە، ئاماژەیان بەوەدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستییەکی گەورەی گەلی کوردە، دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت، تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە ٤ـی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارای سەر بە شاری ئورفا لە باکوری کوردستان لە دایک بوو، ئەم ڕۆژە لەلایەن گەلی کورد و ئازادییخوازانەوە بە جەژنی ژیانەوە پێناسە دەکرێت و لە کوردستان و جیهان ملیۆنان نەمام دەچێنن لەم ڕۆژەدا.