" لە مووشەک مەترسیدارتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە لە غەززەدا"

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاشکرای دەکات نەخۆشی جۆراجۆر لەناو کامپی ئاوارەکانی غەززەدا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش لە مووشەک مەترسیدارترە.

ناوەندی هەواڵ

 

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە، بەلام لە ڕۆژی هەینییەوە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی چوار ڕۆژی دووجاری دیکە عاگربەست درێژکرایەوەو تا ئێستا زیندانییان لەنیوان هەردوولا ئازاد دەکرێت.

 

تێدرۆس ئەدھانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە دانیشتووانی غەززە بکەونە ژێر مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەوەش مەترسی گیان لەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سکچوون و ڕشانەوە و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان لە ناو یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار ئاوارەی کامپەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری غەززە بڵاوبووەتەوە، ئەگەری ھەیە خەڵکانێکی زۆر گیان لەدەست بدەن کە ژمارەیان لە گیانلەدەستداوانی بۆردومانەکان زیاتربێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەکات لە پێناو دوورخستنەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە لێکتێگەشتنەکان زیاتربکەن و جەنگ لە غەززە ڕابگرن.