دوای لافاو.. سۆماڵ ڕووبەڕووی برسێتی کارەساتبار دەبێتەوە

پێشبینی دەکرێت چارەکێک لە دانیشتوانی سۆماڵ لەمساڵدا ڕووبەڕووی برسێتی یان خراپتر ببنەوە بەهۆی وشکەساڵی و لافاوەوە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بووە

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو لافاوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا سۆماڵی گرتەوە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە وڵاتەکە و بۆ وڵاتانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە، ئەمەش دوای وشکەساڵییەکی مێژوویی ئەمساڵ کە لە سەدەیەکدا تەنها یەک جار دووبارە دەبێتەوە.

 

وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سۆماڵ ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم وتی: سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیان لە سۆماڵ لە مەترسیدان و ٤.٣ ملیۆن کەس، نزیکەی چارەکێک لە دانیشتوانی سۆماڵ، پێدەچێت تا کۆتایی ئەمساڵ ڕووبەڕووی ئاستی قەیران یان برسێتی خراپتر ببنەوە.

 

ڕوونیکردەوە شۆکەکانی کەشوهەوا، لە وشکەساڵییەوە بۆ لافاو، قەیرانی برسێتی لە سۆماڵ درێژ دەکاتەوە، دوای ئەوەی قەیرانی وشکەساڵی ملیۆنان ئاژەڵی کوشت و ژمارەیەکی زۆر لەوەڕگا و زەوی کشتوکاڵی لەناوبرد، ئەمەش بووە هۆی لافاوی وێرانکەر و ئیفلیجکردنی توانای وڵاتەکە بۆ چاکبوونەوە.

 

بەگوێرەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، لافاوەکە دوای بارانبارینی زۆر کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٢ کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس.