هانا شوان: ئەم كارەساتانە بۆ نابنە بابەتی میدیایی؟
هانا شوان، چالاکوان، باس لە کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەکات و دەڵێت: میدیاکان ئەو ئەجێندایانە جێبەجێ دەكەن، كە پارەی لەسەر وەردەگرن، بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.

ناوەندی هەواڵ
هانا شوان، چالاکوانی مەدەنی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی باس لە کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەکات و دەڵێت: قەیرانێكی سەختە، هاوڵاتی تا سەر ئێسقان ماندووە و هەزارەها كارمەندی حكومی كە كرێچیە، یان منداڵی لە دایەنگەیە یا هەردووكی، ٨٩ ڕۆژە مووچەی وەرنەگرتووە، هەزارەها خانەنشین پێویستیان بە خواردن و كرێ و چارەسەرە، سەدەها ژن كە ژیانی لەسەر كەسابەتێكی بچوكی خواردن دروست كردنە، یان دوكانەکەیەتی، ژیانی وەستاوە و كەس پارەی پێ نیە تا ببێتە موشتەری، سەدەها ژن كە ژیانی لەسەر نەفەقەی مەمرە و مەژی و منەتی پیاوە بە هۆی نەدانی مووچەوە پارەكانیان نادرێتی روبەروی دەیەها گرفت بوونەتەوە.
هانا شوان لە درێژەی قسەکانیدا باس لە منداڵ و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات کە گرفتەکانیان دوو هێندەیە و دەڵێت: دەبوو حكومەت لە ڕێگەی سێكتەرە پەیوەندیدارەكانەوە سندوقێكی قەرز یان دابینكردنی پێویستیی بۆ ئەو ژن و مناڵانە هەبوایە.
"بە تایبەت ژن و منداڵ زەرەرمەندی یەکەمن"
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كارمەندانی پۆلیس، هاتوچۆ چەندین سێكتەری تر، ناچارن كە لە كارەكانیان بەردەوام بن و سێ مانگیشە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەر لایەنێكی ئەم قەیرانە لێك بدەینەوە هاوڵاتیان بە تایبەت ژنان و منداڵان زەرەمەندی یەكەمن، وتیشی: جێگەی دەستخۆشیە كە ئەو بەرێزانەی ماركێت یا دوكانی فیتەری یان هەر جۆرە كاسبیەكی تر دەكەن، سەرەڕای بێ بازاڕیی خۆیان هاوكاری ئەو كەسانە دەكەن كە مووچەخۆرن، ئەوەش خەسڵەتی لە مێژینەی خەڵكی سلێمانی بووە، ئەوانەش هەڵوێستی تاكە كەسین و جێگەی دەستخۆشیە، بەڵام لە قەیرانە سەختەكە كەم ناكاتەوە.
"میدیا ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەکات"
هانا شوان باس لە ڕۆڵی میدیا دەکات و دەڵێت: ئەم قەیرانە لایەنی زۆری تاریكی هەیە، كە بەداخەوە نەبووەتە جێگەی سەرنج و كاركردنی زۆرینەی میدیاكان، (میدیا واتە كەناڵ نەك شۆك شۆك و هات هات)، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە میدیای هاوڵاتی پیوارە و ژمارەیەك بە ناو میدیا كە جێگەی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا کردووەتەوە، ئەو ئەجێندایانە جێبەجێ دەكەن كە پارەی لەسەر وەردەگرن، بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، میدیاكاری زۆر بە توانامان هەن دەتوانن ئەگەر لە كەناڵێك كار دەكەن یان فریلانسن، بابەتە میدیاییەكانیان تەرخان بكەن بۆ تیشك خستنەسەر لایەنە تاریكەكانی ئەم قەیرانانەی ئێستا هەناسەی لە كۆمەڵ بڕیوە.