حەوتەمین پێشەنگای ئاڵوگۆڕی کتێب لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو
بە مەبەستی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان و ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە حەوتەمین پێشانگای ئاڵوگۆڕی کتێبیان ڕێکخست.

هەڵەبجە
دوێنێ لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی خوێنەران و کتێب دۆستان حەوتەمین پێشانگای ئاڵوگۆڕی کتێب، بە مەبەستی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بەڕێوەچوو.
نیگار حەمزە، ئەندامی گروپی دۆستانی کتێب باسی لەوەکرد، بۆ حەوتەمین ساڵ پێشەنگایە ئاڵوگۆڕی کتێبمان ڕێکخست، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی ئەو کتێبانەی خوێندراونەتەوە بۆ کتێبێکی نوێ، وتیشی: لە پێشەنگاکەدا چەند کتێب بهێنین ئەوەندە کتێب هەڵدەگرین و دوو کتێبیش بە دیاری وەردەگرین، چونکە ئێستا بارودۆخی دارایی خەڵک گونجاو نییە و ئەم جۆرە چالاکیە هۆکارە بۆ جوڵاندنی کتێب و خوێندن و خوێندنەوە و سود گەیاندن بە خوێنەرانی کتێب.
هیڤی کۆسالان ماوەی دوو ساڵە بەشداری چالاکیەکە دەکات و وتی: سەرجەم ئاستەکان و توێژەکان سود لەم چالاکیە وەردەگرین، هیواخوازم بۆ ساڵی داهاتوو بە گەورەتر و باشتر پێشەنگاکە بکرێتەوە.
پێشەنگای ئاڵوگۆڕی کتێب ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە و ئەمساڵیش، ١٠ ڕێکخراو و کتێبخانە کتێبەکانیان نمایش کرد و لەلایەن خوێنەرانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.