هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"؛ ٧٠٠ کەس دەستگیر کراوە

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران لە بەشێک لە شارەکاندا جارێکی دیکە هەڵگیرساوەتەوە و هێشتا کەشێکی ئەمنی بەهێز لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێشتا کەشێکی ئەمنی بەهێز لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان هەیە، سەرەڕای ئەوەش لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، لە بەشێک لە شارەکانی ئێران ناڕەزایەتی گەل و گەلانی ئێران هەڵگیرساوە.

 

لە شاری مەشهەد، خەڵکی ناڕازی لە ساڵیادی شۆڕشدا جارێکی دیکە بە داگیرساندنی ئاگر و دروستکردنی بەربەست و لێدانی هۆڕن ناڕەزایەتیەکانیان دەستپێکردەوە، هەروەها لە قەڵای حەسەن خان کە دەکەوێتە تاران، هەمەدان، ڕەشت، ئەراک و هتد، جارێکی دیکە خۆپیشاندەران بە دروستکردنی بەربەست و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی،  وەک دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" هاتنە سەر شەقامەکان و توڕەیی خۆیان بە هاوار کردن خستەڕوو.

 

لە بەشێک لە گەڕەکەکانی تاران لەوان شەهر زیبا، چیتگار و ...هتد، لە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خەڵک دروشمیان دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران وتەوە، هاوکات دۆخی ئەمنی لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان چڕتر کراوەتەوە و بەردەوامە و لە شارەکاندا خاڵی پشکنین لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و ناو شارەکان دانراون.

 

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، وەک سەقز، سنە، ورمێ و تاران، بەلوچستان و سیستان، پۆلیسی ئێران لانیکەم ٧٠٠ کەسیان لە چالاکییە ڕێکخراوەکاندا دەستبەسەر کردووە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئەو خێزانانەی ویستوویانە پەیوەندی بە کەسە دەستگیرکراوەکانیان بکەن، هیچ زانیارییەکان پێنەدراوە، هەروەها ئەو بنەماڵانەی کە چوونەتە بنکەی فریاگوزاری لە تاران لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە ئاگادار نەکراونەتەوە و هێرشیان کراوەتە سەر،  ئەوەش زانرا کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا بریندار هەبووە.

 

ڕژێمی ئێران بە خوڵقاندنی دۆخی ئەمنی و سەرکوتکردن هەوڵ دەدات تیرۆری توند لەم شارانەدا دروست بکات و پێش بە ناڕەزایەتیی خەڵک و بەتایبەت خەڵکی کوردستان بگرێت.