بە هەڵەی پزیشکی ژنێک تووشی سووتانی پلە یەک دەبێت

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دووگیانبوون لە ڕێگەی پیتاندنی دەستکردەوە، ژنێکی ئەمریکی بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکییەوە تووشی سووتانی پلە یەک بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵە پزیشکییەکان لە جیهاندا بوونەتە هۆی گیان لەدەستدان و هۆکاری نەخۆشی و برینداری هەمیشەیی هەزاران کەس، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا ژنێکی ئەمریکی بە ناوی کریستین، لەکاتێکدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پیتاندنی دەستکردەوە دووگیان ببێت، بەهۆی هەڵەی پزیشکەکەیەوە دووچاری سووتانی پلە یەک دەبێت و چەندین مانگە برینەکانی چارەسەر نەبوون.

 

کریستین لە کاتێکدا هەوڵی دووگیانی دەستکرد دەدات، پشکنینی ئەندۆمێترۆسکۆپی لە کلینیکێکی پزیشکی لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا دەکات، کە پێویستە دەرزییەک، کە پێکهاتەکەی گیراوەی خوێینە، لە منداڵدانی بدرێت، بەڵام لە کاتی دەرزی لێداندا پزیشکەکە گیراوەیەکی دیکەی بۆ منداڵدانی بەکارهێناوە و ژنەکە هەستی بە ئازارێکی زۆر کردووە، پزیشکەکە گوێی بە ئازارەکەی کریستین نەداوە و وتەیەتی ئەوەی ڕوودەدات ئاساییە.

 

 دواتر دەردەکەوێت کە پزیشکەکە دەرزی خوێی بەکارنەهێناوە، بەڵکو دەرزییەکی بەکارهێناوە کە لە ترشی تریکلۆرۆئەسیتیکی پێکهاتووە، کە لە توێکڵی کیمیاییدا پێکدێت و بۆ لابردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست وەک زیپکە و پەڵەی قاوەیی بەکاردێت.

 

بەهۆی هەڵە پزیشییەکەوە کریستین تووشی سووتانی کیمیایی پلەی یەکەم و دووەم لە ناوەوە و دەرەوەی جەستەیدا بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، دانیشتن دوای چەند مانگێک هێشتا بە ئازارە.

 

وتەبێژی کلینیکەکە بە ڕۆژنامەکانی ڕاگەیاندووە، ئەو پزیشکەی کە ڕێکارەکەی بە باشی ئەنجام نەداوە، پێشتر بەشدار نەبووە لە پڕکردنەوەی دەرزییەکە و ئاگاداری جیاوازی جۆری دەرمانە پزیشکییەکە نەبووە، هەروەها کریستین و جەیسۆنی هاوژینی، سکاڵایان لەسەر کلینیکەکە تۆمارکردووە.