هەڵەبجە، لە ٤ مانگدا ٧٩ سکاڵای توندوتیژی تۆمار کراوە

بەپێی ئامارێکی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنانی هەڵەبجە لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە شاری هەڵەبجە و شارۆچکەکانی سەیدسادق و شارەزوور بە کۆی گشتی ٧٩ سکاڵا تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی سایتی نەوژین، کە لە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنانی هەڵەبجە وەریگرتووە، لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە شاری هەڵەبجە و شارۆچکەکانی سەیدسادق و شارەزوور بە کۆی گشتی ٧٩ سکاڵا تۆمار کراوە، بە شێوەیەک: ٤١ کەیسی لێدان، ١٧ کەیسی هەڕەشە، ١٣ کەیسی جنێودان و ٨ کەیسی ئیهانە بووە.

 

نەوژین لە زاری بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕایگەیاندوە، "ساڵی ٢٠٢٢ هیچ حاڵەتێکی  کوشتن، خۆکوشتن، سووتان و خۆسووتاندنی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری ڕووینەداوە"، بەڵام بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها، کە لە ١ی کانوونی دووەم تا  ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە میدیاکانەوە وەریگرتووە، ٦٣ حاڵەتی ژن کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن، سووتاندن و ناچار بە خۆسووتاندن تۆمار کراون، کە دوانیان لە پارێزگای هەڵەبجە بووە.

 

جێی ئاماژەیە، ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە بڕیاری کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەرچوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە، لەبری ئەوە بینایەک لە قەزای سەیدسادق لەژێر ناوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی بەرێوەبەرایەتیەکە دیاریکراوە.