لەناو زیندان لە ناهید شیرپیشە درا
ناهید شیرپیشە بەبێ دەستێوەردانی ئەفسەران لەلایەن چەند زیندانییەکەوە لەناو زینداندا لێیدرا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/07/20230703-20230703-w-shtm-nahyd-shyrpyshh-dr-zndan-2023-7-3-jpge275d9-image-jpg489235-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
مونا بەختیاری، کچی ناهید شیرپیشە، لەبارەی لێدانی دایکی لەلایەن هەندێک لە زیندانییە "سەربەخۆ و بەکرێگیراوەکانەوە" پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بۆ سەلامەتی ژیانی دایک و باوکی، ڕایگەیاند: ئەمجارە کە چوومە سەردانی دایکم، بۆم دەرکەوت کە تەنها دوای سێ هەفتە کە لە بەشی گشتی بووە، لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، سەرەڕای بارودۆخێکی دەروونی و جەستەیی خراپ و جەستەیەکی کێشراو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دایکی "لەلایەن زیندانییە سەربەخۆکان یان بەکرێگیراوەکانەوە لێیدراوە" و ئەفسەرانی زیندانەکەش "دەستوەردانیان نەکردووە"، دەشڵێت: "هەمیشە کامێراکان لەم حاڵەتانەدا دەشکێن".
ناهید شیرپیشە، دایکی پویا بەختیاری، یەکێکە لە قوربانیانی ئابان ٩٨، کە چەندین جار بە بیانووی داوای خوێنی کوڕەکەی و لە کاتی دەستبەسەرکردنی کەسوکاری ئەو کەسانەی کە کوژراون، گوشاری لەسەر کراوە و دەستبەسەر کراوە، ناهید لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کەرەجەوە، سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.