"تورکیا دوای پەیماننامەی لۆزان دەستی کردووە بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنورییەکان"

دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا چالاکوانان و سیاسەتمەدارانیش داوا دەکەن لایەنە سیاسییەکان یەک ڕیز بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیماننامەیە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە لە شاری سلێمانی لە یادی سەد ساڵەی لۆزاندا، نوێنەرایەتی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان لە باشووری کوردستان دیدارێکی بە دروشمی"لە سەد ساڵەی لۆزاندا، کورد پێکەوەژیان دەکاتە چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"ڕێکخست.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی دیدارەکەدا بەشداربووان دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، دواتر دوو پانێڵ بۆ باسکردنی لێکەوتە سیاسییەکانی لۆزان لە ئێستا و داهاتوودا پێشکەشکرا.

 

پانێڵی یەکەمی دیداری لۆزان بە ناونیشانی”لێکەوتە سیاسییەکانی لۆزان لە ئێستاو ئایندەدا” لەلایەن هەریەک لە کاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، بڵێسە جەبار فەرمان، سیاسەتمەدار و د. جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان دید و تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو.

 

"پەیماننامەی لۆزان کوردی لە مێژوودا لابرد"

کاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پانێلەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە لە یادی پەیماننامەیەکین کە کوردی خستووەتە دەرەوەی مێژووەوە و لەسەر شانۆی سیاسی لای بردووە، هەرچەندە لۆزان درێژە پێدەری پەیماننامەی سیڤەرە و لە سیڤەردا بە شێوەیەک توانرا بوو مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و ئەرمەن زامن بکرێت، بەڵام لە لۆزاندا ئەوەش لابرا.

 

لە درێژەی پانێلەکەدا بڵێسە جەبار فەرمان، سیاسەتمەدار ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ بەستنی پەیماننامەی لۆزاندا تەنها کورد زەرەرمەند نەبوو، بەڵکو میلەتانی تریش زەرەرمەند بوون، تورکیا دوای ١٣ ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان دەستی کرد بە داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ٨٨٣٥ کیلۆمەتر ڕۆشتووەتە ناو خاکی ڕۆژئاواوە و گۆڕینی دیمۆگرافیا پەیڕەو دەکات، کوردەکان ئاوارە دەکەن و تورکەکان لە شوێنیان نیشتەجێ دەکەن، بۆیە ئێمەش دەبێت هەوڵبدەین ئەو پەیماننامەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە بەرژەوەندی هەموو تاکێکە.

 

"ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە یەکڕیزی نەتەوەییدا"

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی پەیماننامەی لۆزان ئاماژەی بەوەکرد، پەیماننامەی لۆزان کوردی دابەشکردووە بەسەر چوار پارچەدا و میراتی کوردی وابەستە کردووە بە وڵاتانی ترەوە، پێویستە کورد یەکڕیز و یەک دەنگ بێت و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان بدات بۆ ئەوەی بگەین بە قۆناغێکی باش کە قوربانی شۆڕشی زۆرمان لە پێناویدا داوە، یەکڕیزیش تەنها بە دروشم نابێت و دەبێت لایەنە سیاسییەکانیش بێنە لای یەک، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆمان و لەم دۆخەشدا ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن.