ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش منداڵێکی ٥ ساڵی کرد بەژێرەوە

لە شارۆچکەی سلۆپی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش منداڵێکی ٥ ساڵی کرد بەژێرەوە، تاوانبارانیش بێ سزا ڕزگاریان دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە شارەدێی دیجلە سەر بە شارۆچکەی سلۆپیی شرناخی باکووری کوردستان منداڵێکی ٥ ساڵ بە ناوی ی.ی کە لەبەردەم ماڵەکەیدا یاری دەکرد، بوو بەژێر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی دەوڵەتی تورکیاوە.

 

ئەمبولانس گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و "ی.ی." بردراوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە سلۆپی و دەرکەوت کە پشتی شکاوە، بەهۆی مەترسی خوێنبەربوونی ناوەکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە خەرپێت.

 

تاوانباران سزا نەدرابوون

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی لقی ئامەد لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٢١، ٤٢ کەس لە تورکیا بەهۆی زرێپۆشەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ٢٠ کەسیان منداڵ بوون، ٩٠ کەس برینداربوون و ٢١یان منداڵ بوون، مردنەکان لە ژێر ناوی 'ڕووداو' پێشکەش بە ڕۆژنامەکان کران و زۆربەی تاوانبارەکان بە بێ سزا کۆتاییان هات.