"ئێزیدییەكان مافی ژیانیان بە ئاشتی و ئاسایش و كەرامەتەوە هەیە"
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت دەکاتەوە، کە ئێزیدییەكان مافی ژیانیان بە ئاشتی و ئاسایش و كەرامەتەوە هەیە و ئیدانەی هەر کردەیەک دەکات کە کۆمەڵگەی ئێزدی بکاتە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و بە توندترین شێوە ئیدانەی بڵاوبوونەوەی ئەو قسە و كردەوە ڕەق و كیناویانەی کرد، كە كۆمەڵگەی ئێزیدی دەكاتە ئامانج، لەوانەش لێبوردن لە تاوانەكانی داعش، كە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان ئەنجامیان دابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشكراوە، وەك باقی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، ئێزیدییەكان مافی ژیانیان بە ئاشتی و ئاسایش و كەرامەتەوە هەیە، هەروەها فەرەنسا پابەندە لە پشتگیریكردن بۆ دابینكردنی مافی ئێزیدیەكان لە عێراق، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كرد، كە بەردەوام بن لە هەوڵەكانیان بۆ ئاسایش و حوكمڕانی و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراقدا هاتووە، پابەندبوونی خۆیان بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی عێراق و پاراستنی هەمەجۆریی وڵات دووپاتكردوە، دەڵێت: ئەمە یەكێكە لە سەروەت و سامانە سەرەكییەكانی وڵات.