بەهۆی حیجابی ناچارییەوە هونەرمەندان بۆ لێپرسینەوە بانگ کران
٥ سینەماکار کە چواریان ژنن، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە بیانووی پشتگیری سەرهەڵدانەکان و دژی حیجابی ناچاری، بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کران.
ناوەندی هەواڵ
سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن "پۆلیسی ئەخلاق" دەستیپێکرد، لە مانگی هەشتەمیدا بەردەوامە، ڕژێمی ئێران چەندین شێواز لە ئەشکەنجەدانەوە تا کوشتن، لە دەستبەسەرکردنەوە تا دەستگیرکردن و تەنانەت ژەهراویکردنی خوێندکاران تاقیدەکاتەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا دادگای تاران ٥ هونەرمەندی سینەمایی بانگهێشت کرد بۆ لێپرسینەوە، بە بیانووی ئەوەی کە پشتگیریان لە سەرهەڵدانەکان کردووە و حیجابی ناچارییان پێشێل کردووە.
هەڕەشە لە هونەرمەندان کرا
هونەرمەندانی ژن کەتایۆن ڕیاحی، پانتیا بەهرام، ئەفسانە بایگان، فاتمە موتەمەد ئاریا و ئەکتەری سینەمایی ڕیزا کیانیان، کە لەلایەن داواکاری گشتی بانگهێشتکرابوون بۆ لێپرسینەوە، هەڕەشەیان لێکرا.
جێی ئاماژەیە هونەرمەندانی سینەماکار لە ڕۆژانی یەکەمەوە چالاکانە بەشدارییان لە سەرهەڵدانەکاندا کردووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان بەبێ حیجاب لە پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیری گەل بوون، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان تۆمەتبار کران و دەستگیرکران.