پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣، پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد، دواتر لە ٢ی نیسان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دوای ئەوەی هەوڵی دواخستنی درا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا.

 

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکرێت.

 

هەڵەبجە لە شارۆچکەیەک و چوار شارەدێ پێکهاتووە، کە شارۆچکەی ناوەندی هەڵەبجە و شارەدێکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروانن، لە ساڵی ١٨٨٩ دا کراوە بە شارۆچکە و لەدوای نەجەفەوە دووەم شارۆچکەی عێراق بوو لەو کاتەدا، دواتر ١٣ی ئاداری ٢٠١٤دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچوو.

 

هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە قەدەغەکراوترین چەکی کیمیایی هێرشی کرایەسەر و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥ هەزار کەس شەهید بوون، دوای ٣٥ ساڵ، سیمای ئەو شارە نەبووەتە خەمڕەوێنی خەڵکەکەی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش وەک پێویست ئاوڕیان لە هەڵەبجە نەداوەتەوە.