تاڵیبان: هیچ پلانێکمان بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی قوتابیانی کچ نییە

سەرەڕای ئەوەی کە تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێندکارانی پزیشکی پیاو ڕاگەیەندراوە، بەشی تاقیکردنەوەکانی تاڵیبان دەڵێت: هیچ پلانێک نییە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێندکارانی پزیشکی کچ.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەفغانستان ساڵانە دوو جار ئەنجومەنی پزیشکی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ دەرچووانی بەشی پزیشکی ئەنجام دەدرێت، ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ خوێندکارانی پزیشکی گرنگە، چونکە ڕێگەیەکە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوونیان و دوای دەرچوونیان، دوای ئەوەش خوێندکاران ماوەی پراکتیکی کارکردن لە نەخۆشخانەکان وەک "ڕاهێنان" دەستپێدەکەن.

 

٢٦ی شوبات، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ڕاگەیەندرا، کە ڕۆژی ٢٥ی شوبات بەبێ ئامادەبوونی خوێندکارانی کچ بۆ خوێندکارانی کوڕ بەڕێوەچوو، بەڵام تاڵیبان ڕایگەیاند کە هیچ پلانێک نییە بۆ وەرگرتنی هیچ خوێندکارێکی پزیشکی ژن لە تاقیکردنەوەکانی کۆتاییدا، سەدان خوێندکاری کچ هێشتا لە چاوەڕوانی دەرچوونی ئەم تاقیکردنەوانەن لە بواری پزیشکیدا.

 

هاوکات بەشێک لەو خوێندکارە کچانە دەڵێن، دوای ٧ ساڵ خوێندن، ئێستا لە ماڵەوەن و هیچ وادەیەکی تریش بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی بۆ ژنان ڕانەگەیەندراوە، داهاتووی ئەکادیمی و کارکردنیان لەدەستداوە، دەشڵێن: لەکاتێکدا وڵات پێویستی بە پزیشکی ژن هەیە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان، بەڵام دۆخی خوێندنیان لەلایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکەی تاڵیبانەوە بە نادیار هێڵراوەتەوە، کە چەندین یاسای توندیان لە دژی ژنان جێبەجێکردووە.