٢٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی خورشیدە بابان تێدەپەڕێت
خورشیدە بابان سەرەڕای ئەو سەختیانەی هاتنە ڕێگەی دەبێتە یەکەم ژنی ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کورد، یەکەم ژنی باشوری کوردستانیشەە بەشداری فیلمی کردبێت، لە ساڵی ١٩٩٧ کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەکرەجۆ بە خاک دەسپێردرێت.
ناوەندی هەواڵ
خورشیدە ڕەئوف عەبدولرەحمان ناسراو بە "خورشیدە بابان"، وێژەدۆست، مامۆستا و پەرستار بووە، لە ساڵی ١٩٤٠ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، لە کاتی لەدایکبوونی بە ناوی داپیرەیەوە ناوی دەنێن "خورشیدە" چونکە داپیرەی ژنێکی ئازا بووە هەر بۆیە باوکی ئەو ناوەی لێناوە.
خورشیدە، دایکی ناوی مەلیح بووە و لە تەمەنی ٨ ساڵیدا باوکی شەهید دەبێت، لە بنەڕەتدا لە بنەماڵەی بابانییەکانن بەهۆی ئەوەی باوکی فەرمانبەری میری بووە شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاریکراو نەبووە و خورشیدە لە تەمەنی خۆیدا چووەتە بەر خوێندن.
خورشیدە بابان لای باوکی زۆر خۆشەویست بووە، بە پێی گێڕانەوەکانی خورشیدە باوکی لەگەڵ پێچانەوە و بەکەم زانینی ژناندا نەبووە، باوکی وتویەتی ئەگەر باوەڕمان بە لێهاتووی ژن نەبێت، چۆن باوەڕمان بە ڕۆڵەکانیەتی و چۆن باوەڕمان بە خۆشمان بۆ دروست دەبێت، ژنان بە بڕوایەکی بەهێزەوە لە گۆڕەرپانی ژیاندا مەردانە دەبێت کاربکەن و ئەم بیروباوەڕەی باوکیشی هێزێکی زیاتری بە خورشیدە بەخشیووە.
باوکی بەهۆی ئەو خۆشەویستیەی کە بۆ خورشیدە هەیبوو پێنووس هەڵدەگرێت و یەکەم هۆنراوەی لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥ لە ڕانیە بۆ کچە تاقانەکەی دەنووسێت، باوکی لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بووە شەهیدی دەکەن و دەست دەگرن بەسەر سامانەکەیدا، بیستنی هەواڵی شەهید کردنی باوکی دەبێتە یەکەم سەختی لە ژیانی خورشیدەدا.
داوی شەهیدکردنی باوکی ناخۆشی ڕوو لە ژیانی خورشیدە دەکات و تەنها یارمەتیدەدەرەکەی پێنووسەکەی بووە و هەوڵدەدات ئازایانە ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببێتەوە و چەندین دەستکەوت تۆماربکات، خورشیدە لە تەمەنێکی کەمدا خێزانەکەی تەمەنی بۆ گەورە دەکەن و بەزۆر هاوسەرگیری پێدەکەن، لە ساڵی ١٩٥٨ بەشداری خولێک دەکات و دەبێت بە مامۆستا، لە چەند ناوچەیەکی هەورامان وانەیی وتووەتەوە وچەندین هۆنراوەی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی "نەورۆز، دیاری ویادگار، تیشک، پێشمەرگە، من هەڵەبجەم" ناسناوی خۆر دەبێت بە ڕوناکی بۆ هۆنراوەکانی.
خورشیدە ژنێکی هۆشیار بووە، هەوڵیداوە دوای فێرکردنی قوتابییەکانی، ژنانی گوندیش فێری خوێندن بکات، دوای دوو ساڵ حکومەت دەیگوازێتەوە بۆ سلێمانی، لەبەرئەوەی تەمەنی گەورەکراوە ناتوانێت وەک فەرمانبەر کار بکات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦٠ بەشداری خولێکی تەندروستی دەکات بۆ ماوەی دووساڵ و پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە وەک کارمەندی تەندروستی دەستبەکار دەبێت.
لە ساڵی ١٩٦٨ خولێکیتر دەبینێت دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵان و خزمەت بە دایکان و منداڵانی هەڵەبجە دەکات، لە ساڵی ١٩٧٠ وەک یەکەم ژن دەبێتە ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کورد، یەکەم ژنی باشووری کوردستانە بەشداری فلیمی کردبێت، لە ساڵی ١٩٩٧ خورشیدە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەکرەجۆ بەخاک دەسپێردرێت.