لە بوومەلەرزەکەی چیندا زیاتر لە ٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا
لە بومەلەرزەیەکدا کە باشووری ڕۆژئاوای چینی گرتەوە زیاتر لە ٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەكەی باشووری رۆژئاوای چینەوە كە گوڕی ٦.٦ پلەی ڕێختەر بووە، زیاتر لە ٤٦ كەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین ماڵیش وێران بوون.
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای ئەمریکی بۆ توێژینەوە جیۆلۆجیەکان، دوێنێ، ٥ی ئەیلول بوومەلەرزەیەک ناوچەیەکی شاخاوی لە پارێزگای سیچوان لە باشووری ڕۆژئاوای چینی گرتەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات زیانێکی زۆریش بە بەشێک لە خانووەکان کەوت.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەدا بومەلەرزەکە لە قووڵایی نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر ڕوویداوە، کە ناوەندەکەی ٣٩ کیلۆمەتر لە پارێزگای لوودینگەوە دوورە، بەرپرسانی شاری یان کە نزیکە لە ناوەندی بومەلەرزەکە، ١٧ قوربانییان پشتڕاست کردووەتەوە، هەروەها بەرپرسانی ناحیەی گارزی ٢٩ قوربانی تۆمارکردووە.
پارێزگای سیچوان کە شاخاوییە لە مانگێکدا چەند جارێک بوومەلەرزە بە توندی جیاواز ڕوودەدات، مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.١ ڕیختەر لەو پارێزگایە ڕوویدا و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.
بوومەلەرزەیەکی دیکە لە مانگی ئایاری ٢٠٠٨دا لە پارێزگای سیچوان ٨٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە گوڕەکەیی ٧.٩ پلەی ڕێختەر بوو، لەناو قوربانیانیشدا هەزاران خوێندکار هەبوون کە بەهۆی ڕووخانی قوتابخانەکانەوە گیانیان لەدەستدا.