نەخۆشی تاعون ساڵی ١٣٣٨ لە قیرغیزستان سەریهەڵداوە
تا ئێستا نەزانراوە سەرهەڵدانی نەخۆشی تاعون بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە لەناوچوون.
ناوەندی هەواڵ
نەخۆشی تاعون، ئەگەرچی لە جیهاندا بە مەترسیدارترین نەخۆشی مێژووی مرۆڤایەتی بەناو دەکرێت، بەڵام سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەپێی توێژینەوەیەک کە توێژەرانی زانکۆی ستێرلینگ لە سکۆتلەندا و پەیمانگای ماکس پلانکی ئەڵمانی و زانکۆی تۆپینگن ئەنجامیانداوە و لە گۆڤاری "nature"ی زانستیدا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٣٨.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە نەخۆشی تاعوون بنەڕەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٣٨ و لەناو دانیشتوانی قیرگیزستان سەریهەڵداوە، ئەم زانیارییەش لە شیکردنەوەی دی ئێن ئەی ئێسکەپەیکەری دۆزراوەی کەناراوەکانی دەریای ئیسیک کول لە ناوچەی تیانشانی قیرغیزستان لەلایەن توێژەرانەوە دەستکەوتووە.
ئەو زنجیرەیە کە پێکهاتەی دی ئێن ئەی دیاری دەکات، دەریخستووە سێ پێکهاتە بەکتریای ئایرسینی تاعونیان هەڵگرتووە کە پەیوەندیان بە دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەی تاعون-مردنی ڕەش هەبووە پێش گەیشتنی بۆ ئەوروپا.
مردنی ڕەش، یاخود تاعوون بووەتە هۆی مردنی ٢٠٠ ملیۆن کەس، لەنێوان ساڵانی ١٣٤٦-١٣٥٣ لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی لەناوبردنی ٪٦٠ی ئەوروپییەکان.
لە ماوەی ڕابردوودا توێژینەوەکان نەیانتوانیوە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشی تاعون دیاریبکەن تەنها سەردەمەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ سەدەی ١٠ بۆ ١٤.