سینەماکارانی ئێران لە دژی گێچەڵکردن بۆ سەر ژنان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە
سینەماکارانی ئێران لە دژی ئەو دەستدرێژی و گێچەڵپێکردنە سێکسیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، سەرباری ئەوەی کاردانەوەی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێناوە بەڵام بەرپرسانی ئێران هێشتا بە بێدەنگی ماونەتەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/04/20220404-filmmaker-mona-zandi-haghighi-6882405794282472181-jpg9cbc12-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ژمارەیەک لە سینەماکارانی ژن لەگەڵ دەیان فیلمسازی ئێرانی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە توندوتیژی و گێچەڵکردنی سێکسی لە دژی ژنان لە سینەمادا ئاشکرا دەکەن و باس لە ڕادەی هەڕەشە و سوکایەتی و دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی ژنان دەکەن، بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە پشتڕاستی هەبوونی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژنان دەکرێت و داوای لێپێچینەوەی توند لە تاوانبارەکانیش دەکرێت.
کەسایەتییەکانی وەک: نیکی کەریمی، هەدیە تارانی، نیگار جەواهریان، تەهمیە میلانی، تەرانە عەلیدۆستی، ڤیشکا ئاسایش، کەتایون ڕیاحی و هانیە تەواسۆلی و دەیان کەسایەتی ناسراوی دیکە دەڵێن کە ئەو بەیاننامەیە بۆ یەکەمجار هاوارێکی کۆمەڵی ئەو ژنانەیە کە دەیانەوێت ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببنەوە.
سومەیە میرشامسی یاریدەدەری دەرهێنەر و پلانداڕێژەر لە ٢٣ی ئاداردا لە تویتەرێکدا فەرهاد ئەسلانی ئەکتەری ناوداری فیلمی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە گێچەڵ و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ تیمی کارمەندانی پشتی کامێرا، ئەمە یەکەمجار نییە تۆمەتێکی لەو شێوەیە لە دژی کەسایەتییەکی ناسراوی هونەریی ئێران باسکرابێت.
"لە هاشتاگی metoo#دا باسیان لە گێچەڵەکان کرد"
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ژنانی ئێرانی لە گێڕانەوەی دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە کەسایەتییە ناسراوەکان چوونە پاڵ هاشتاگی metoo# باسیان لە ئەزموونەکانی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵەکان کردوەتەوە و کەسایەتییە هونەری و سینەماییە بەناوبانگەکان تیایدا تۆمەتبارکراون.
لە گێڕانەوەکاندا ئەزموونە ئازاربەخشەکانی ژنان لە سینەمای ئێران بڵاوکراونەتەوە و ئاماژە بە جۆری ئەو پێشێلکاریانە کراوە کە دەکەونە ژێر چەتری توندوتیژی سێکسییەوە، لەوانە ناوزڕاندن، گێچەڵپێکردن هەڕەشەلێکردنیان بە لێسەندنەوەی مافی کارکردن و پێنەدانی کرێی کارکردنیان.
کردەوەکانی توندوتیژی سێکسی بە هەڕەشەکردن لە شوێنی کارکردنی قوربانیان، پەیوەندی جەستەیی نەخوازراو و پێداگری و زۆرکردنی کاری سێکسی و لە کۆتاییدا توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی، سەرەڕای کاردانەوەی بەرفراوانی تاکەکەسی و جەماوەری هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتی ئێران بەڵام بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران تا ئێستا لەم پرسەدا بێدەنگ بوون.
ت.پ