قەیرانی غاز لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بەردەوامە

زۆرێک لە شارەکانی ئێران دابەزین یان پچڕانی غازیان بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵکی تۆربات جام بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر پچڕانی غازی ناوخۆ و خراپی دابینکردنی غاز لەم شارەدا.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەم شارەدا بڵاوکراونەتەوە، غازی ١٦ هەزار ماڵ پچڕاوە و خەڵک  بە سەختی ڕووبەڕووی کێشەی گەرمکردنەوە بوونەتەوە.

 

خۆپیشاندەران بە جەختکردنەوە لەسەر تێچووی گرانی کەپسول و گەرمکەرەوەی کارەبایی ناڕەزایەتییان نیشاندا، سەرەڕای داخستنی کارگەکان، کرێکاران ناتوانن ئامێری دیکەی گەرمکەرەوە دابین بکەن.

 

هەروەها خەڵک ڕایانگەیاند کە مانۆڕی پارێزگار بۆ ئامادەکردنی کەپسول و دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا تەنها نمایشێکە و یەک کەپسول بە کەس نەدراوە.

 

دابینکردنی غاز لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور، ڕەزەوی و باشوور، گۆڵستان و مازەندەران کێشەیەکی گەورەی هەبووە و لە شارەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتیش غاز پچڕاوە.

 

هەروەها پارێزگاکانی سنە، سمنان، کۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد، کرماشان و زۆرێک لە شارەکان ڕووبەڕووی کێشەی کەمی غاز بوونەتەوە.

 

حکومەت هەوڵدەدات قەرەبووی کەمی غاز بکاتەوە بە داخستنی فەرمانگەکان یان دواخستنی کاتی دەوامیان و ئامادەنەبوونی قوتابخانەکان، بۆ ئەوەی غازی خانووەکانی شارەکانی دیکە نەبڕدرێت.

 

ئێران یەکێکە لە گەورەترین خاوەن یەدەگی نەوت و گاز لە جیهان، بەڵام ئیدارەدانی خراپ و ڕێوشوێنە نادروستەکانی حکومەت بۆتە هۆی بێتوانایی لە دابینکردنی غاز بۆ خەڵک.

 

لە کاتێکدا کە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژێم بەردەوامە، حکومەت لە جیاتی دابین کردنی پێداویستی و داخوازییەکانی خەڵک، هێندەی تر تووڕەیان دەکات.