"كوشتنی ژن بووەتە لەكەیەكی شەرمەزاری بە نێوچەوانی پیاوانەوە"

ڕێکخراوی "ئێمە" بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، کوشتنی فەیروز ئازادی لە هەولێر شەرمەزار کرد و وتی: لایەنی پەیوەندیدار پێناچێت پلانی زامنکردنی سەلامەتی فەیروز ئازادیان هەبووبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی "ئێمە" بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە بەیاننامەیەکی نارەزایەتییدا کە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی دادوەری و ڕای گشتی كوردستانی کردووە، كوشتنی "فەیروز ئازاد" شەرمەزار دەكات كە لەناو ماڵەكەیاندا بەیانی زوو لە خەودا، لەلایەن باوك و برا و چەند كەسێكی نزیكی لەناو خێزانەكەی لەرۆژی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٤ لە هەولێر كوژرا.


ئاماژە بەوەشکراوە، فەیروز ڕزگاربووی توندوتیژی بوو، هەرچەندە تاوانبارەكان چەند مانگێك زیندانی كراون، بەڵام بەداخەوە پێش ئازادبوونی تاوانبارەكان، لایەنی پەیوەندیدار لە "وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی" پێناچێت هیچ پلان و ئامادەكارییەكیان هەبووبێیت بۆ زامنكردنی سەلامەتی و شكۆمەندیی گیانی فەیروز.
 

تێیدا هاتووە: كوشتنی ژن لە نێو كۆمەڵگەی كوردستان، بووەتە لەكەیەكی شەرمەزاری بە نێوچەوانی پیاوانی كوردستانەوە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوازێك وێنا دەكرێت كە ژنكوشتن بەشێكە لە كولتووری كۆمەڵگەی كوردستان، ئەمەش بووەتە هۆی لە كەداركردنی ناو و ناوبانگی كورد، كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و كاریگەری دەروونی و كۆمەڵایەتی تێكچوونی شیرازەی خێزان.
 

لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوی ئێمە چوار داواکاری خستووەتەڕوو کە بەم شێوەیەیە:

یەكەم:  وەزارەتە پەیوەندارەكان، پێویستە ئامادەكارییەكی توند و تۆڵ بكەن بۆ ئەوەی ڕێگر بن لە ڕوودانی كارەساتی كوشتن، لەكاتی ئازادكردنی تاوانبارانی توندوتیژی دژ بە ژن، بەشێوەیەك كە ماف و سەلامەتی ڕزگاربووەكە زامن بكات، بە لەبەرچاوكردنی دۆخی هەستیاری كۆمەڵگە سەبارەت بەو پرس و كێشانە.


دووەم:  سەرۆكایەتی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكان بواری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕاسپێرن، بۆ ئەوەی ئەو بابەت و لێدوان و بەرنامە و ناوەڕۆكانەی دەبنە هۆكاری تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و هاندان بۆ كوشتن و سوكایەتی بە ژن، سانسۆر بكرێن.


سێیەم: پرسی ژن و خێزان بەشێكی گرنگی پرسی ئاسایشی نەتەوەییە، بۆیە پێویستە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و كوشتنی ژنان، لە پێشینەكانی كاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بێت.


چوارەم:  كاركردن بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی نیشتمانی بەردەوام، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و نەهێشتنی كوشتنی ژنان.