قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی هاوای بۆ ٦٧ کەس بەرزبووەوە

دوای ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن ١٢ تەرمیان دۆزییەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاگرکەوتنەوە لە هاوای گەیشتە ٦٧ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بووەتە یەکێک لە کوشندەترین کارەساتە سروشتییەکان لە مێژووی ویلایەتی ماویدا، بەرپرسانی ناوخۆیی ماوی ئاماژەیان بەوەکردووە، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گەڕان بەدوای قوربانییەکانی ئەو ئاگرەی کە زیاتر لە هەزار بینای سووتاندووە و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.

 

ژمارەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە دوورگەی ماوی لە ویلایەتی هاوای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بەرزبووەوە بۆ ٦٧ کەس، ئەوەش دوای ئەوەی تیمەکانی گەڕان تەرمی ١٢ کەسیان دۆزییەوە، هەروەها کاربەدەستان لە هاوای هەوڵدەدەن بزانن چۆن ئاگرەکە بە خێرایی بڵاو بووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، تیمەکانی گەڕان بە بەکارهێنانی ئەو سەگانەی کە ڕاهێنراون بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکاندا لەوانەیە قوربانی زیاتر بدۆزنەوە لەو ئاگرەی کە هەزاران بینای سووتاندووە و هەزاران دانیشتوانی ئاوارە کردووە، لەوانەیە چەندین ساڵیشی بووێت بۆ بنیادنانەوە.

 

شارۆچکەی لاهاینا کە نزیکەی ١٢ هەزار کەسی تێدایە، شوێنێکی گەشتیاری دڵخوازە بۆ ملیۆنان کەس کە ساڵانە سەردانی ماوی دەکەن.

 

بەگوێرەی میدیاکان، تا ئێستا ڕووبەری ئاگرەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٠هێکتار، کە بەهۆی شەپۆلی گەرما و باوە بووە بەهۆی زریانی دۆرا.

 

زاناکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینەکانەوە ڕێژەی ئەو دیاردە کەشوهەوایە زیاد دەکات، لە کاتێکدا شارەزایانی ژینگەیی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ڕووەکی وشک و کەمی بارانبارینیش بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوە و خراپتربوونی ئەو ئاگرە گەورەیە.