چەتەکانی داعش ٣ شوانیان ڕفاند و یەکێکی دیکەیان کوشت

دوێنێ لە گوندەکانی دێرەزوور ٣ شوان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندراون و یەکێکیان لەلایەن چەتەکانەوە کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر دەوروبەری شارۆچکەی مەیدان عەتیق لە ڕۆژئاوای دێرەزوور، کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق دایە، بەپێی زانیارییەکان ٣ شوان ڕفێندراون و دەست بەسەر ٤٠٠ مەڕدا گیراوە، هەروەها تەرمی یەکێک لە شوانەکان دۆزرایەوە.

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی خستەڕوو، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چەتەکان پێش هێرشکردن ناوچەکەیان پشکنیوە، پاشان بە چەکی قورس هێرشیان کردووە و ئەو تراکتۆرەیان سووتاند کە شوانەکان بەکاریان دەهێنا، هەر ٣ شوانەکەیان بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفاندووە، کە دوو کەس لە ڕفێنراوەکان خاوەن مەڕن و یەکێکیان کرێکارە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تەرمی شوانێک لە دەوروبەری مەیدان عەتیق لە گوندەکانی دێرەزوور دۆزراوەتەوە، چارەنووسی دوو شوانەکەی دیکەش نادیارە، بەپێی داتاکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣٦١ کەس لە سووریا کوژراون.