قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا ملیۆنان ژن و کچ دەخاتە مەترسییەوە

ملیۆنان ژن و کچ لە سەرانسەری ئەمریکا ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان بوونەتەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی سێکسی و زاوزێ، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا کە مافی لەباربردنی منداڵی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا هەڵوەشاندەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەزایانی سەربەخۆی مافی لەباربردنی منداڵ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراون، ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، ملیۆنان ژن و کچ لە سەرانسەری ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاسەتەنگی و پێشێلکاری مافەکانیان بوونەتەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی سێکسی و زاوزێ، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا کە مافی لەباربردنی منداڵی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا هەڵوەشاندەوە.

 

شارەزایانی دەستنیشانکراوی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەڵێن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ١٤ ویلایەتی سەرتاسەری وڵاتدا لەباربردنی منداڵ لەلایەن دایکانەوە قەدەغە کراوە و دەرئەنجامەکانی بڕیارەکەی دادگای باڵا لە سەرانسەری سیستەمی یاسایی و سیاسەتدا دەنگی داوەتەوە.

 

ئەوان دەڵێن: "ئەو هەڵوێستەی دادگای باڵای ئەمریکا گرتووەیەتیەبەر بە هەڵوەشاندنەوەی پێشینەی ٥٠ ساڵەی پاراستنی مافی لەباربردنی منداڵ لە وڵاتەکەدا، ملیۆنان ژن و کچ دەخاتە مەترسییەکی جددییەوە، هەروەها پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجامی ئەو بڕیارە گرنگەوە بووە، کە بڕیاری ڕۆ وەید لە ساڵی ١٩٧٣ی هەڵوەشاندەوە و جێبەجێکردنی یاسای لەباربردنی منداڵی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی ویلایەتەکان."

 

شارەزایان جەختیان لەوە کردەوە کە قەدەغەکردنەکان خزمەتگوزارییەکانی لەباربردنی منداڵیان تاڕادەیەکی زۆر دەستنەکەوتوو کردووە و ژنان و کچان لە مافە سەرەتاییە مرۆییەکانیان لە چاودێری تەندروستی گشتگیر لەوانەش تەندروستی سێکسی و زاوزێ بێبەش کردووە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەڵوەشاندنەوەی یاسای لەباربردنی منداڵ دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بۆ سەربەخۆیی، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی بیرکردنەوە، ویژدان، ئایین یان باوەڕ، یەکسانی و جیاکاری نەکردن و ئازادی لە ئەشکەنجە و مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە و و توندوتیژی ڕەگەزی.

 

شارەزایان دەڵێن، مەترسی بە تاوانبارکردن لە زۆرێک لە ویلایەتەکاندا ژنان و کچانی بێهیوا کردووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سیستەمی تەندروستی و داوای چاودێری پێش لەدایکبوون، ئەوان دەڵێن: "جێگەی نیگەرانییە کە ئێستا هەندێک لە کلینیکەکان خۆیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە لەباربردن دەپارێزن، تەنانەت لەو ویلایەتانەی کە بە یاسایی دەمێنێتەوە."