نەتەوە یەکگرتووەکان: ١٩ ملیۆن کەس لە سودان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ڕەوشی سودان ھۆشداری دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، بەھۆی برسێتی و ھەژارییەوە ئەگەری کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ھەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەرنامەی جیھانی خۆراک مەترسی زۆری لەبارەی ڕەوشی سودان ھەیە، چونکە بەپێی ئامارەکانی گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی، لە ئێستادا ١٩ ملیۆن کەس لە سودان بەھۆی ھەژارییەوە بەدەست برسێتی و خراپی خۆراکەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای سەرھەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند ھەفتەی ڕابردوو لە سودان ژمارەکە زۆر زیاتر بووە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی، ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە و گونجاو بۆ ڕەوشی ئێستای سودان و کۆتایی ھێنان بە شەڕ نەدۆزرێتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگی داھاتوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە سودان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، دوو ملیۆن بۆ دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس زیاد بکات و بەوەش مەترسی سەرھەڵدانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی هەیە.