بە بەشداری سەدان ژن لە دوسلدۆرد ڕێپێوانی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو

لە ڕێپێوانی ٨ی ئادار لە دوسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، چالاکوانان تیشکیان خستەسەر هەڵاواردن، ڕەگەزگەرایی و نایەکسانی دژی ژنان و بانگەوازی خەباتی هاوبەشیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی کورد و ئەڵمانی بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بە دروشمی "لە کوردستانەوە بۆ جیهان ژن، ژیان، ئازادی" گردبوونەوە و ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

 

ڕێپێوانەکە بە دەستپێشخەری ژنانی فێمینیست، لقەکانی ژنانی سەندیکاکانی کرێکاری و پلاتفۆرمی ژنان ڕێکخرابوو، وتارەکانی ژنانی کورد، ئەڵمانی، ئێرانی و چینی لە گردبوونەوەکەدا پێشکەشکران و تیشک خرایەسەر سیستەمی پیاوسالاری کە خۆی لەسەر جەستەی ژنان و ڕەنجی ژنان بەڕێوەدەبات و توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵکوژی ژنان خرایە بەرباس، جەخت لەوەکرایەوە کە خەباتی هاوبەشی ژنان ئامانجەکان بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.

 

لە گردبوونەوەکەدا بۆ گیانی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستدا، مۆم داگیرسێنرا.

 

ئایتن کاپلان، وتەبێژی یەژەکە-ئەوروپا، بە ناوی ژنانی کورد وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەمڕۆ وەک دایک و خوشک جارێکی دیکە بۆ بەهاکانمان کە دەیان ساڵە پارێزگارییان لێدەکەین هاتووینەتە سەر شەقام، نەک تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە ژنین، لەبەر ئەوەی مافەکانمان لێسەندرایەوە، لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی جیاکاری و ڕەگەزگەرایی و نایەکسانی بووینەوە، ڕژاوینەتە سەر شەقامەکان.

 

ژنان دوای گردبوونەوەکە ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە.