مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گردبوونەوە
ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دامەزراندن و بەهەمیشەیی كردنیان کرد.

ناوەندی هەواڵ
نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی كوردستان لە گردبوونەوەكەدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا ٥٠٦ یاداشتیان داوەتە حكومەتی هەرێم بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان، بەڵام دەسەڵات بێباكە و وەڵامیان نادەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەتی هەرێم بەو جۆرە بەردەوام بێت و وەڵامی داواكاریەكانیان نەداتەوە، ئەوا بایكۆت دەكەن و خێمە لە بەردەم تەلاری ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانە چەندین گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەلایەن توێژە جیاوازەکانەوە ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە گردبونەوەكانیان بە مەبەستی دامەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی، بەڵام تاوەكو ئێستا داواكارییەكانیان وەڵام نەدراوەتەوە و بە چەند مانگێک بڕێکی کەم مووچەیان بۆ پێدەدرێت.