"لە شەنگال، داعش لە کامپەکانی پەدەکەدا تاوان ئەنجام دەدات"

ڕفاندنی ٢ ژنی ئێزدی لەلایەن پێشمەرگەی پەدەکەوە لە شەنگال کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. ژنانی شەنگال ڕایانگەیاندووە کە ئەو سیاسەتەی پەدەکە لەسەر ژنانی ناو کامپەکان جێبەجێی دەکات، تەواوکردنی فەرمانی ٧٤یە.

ئەمیرە زۆزان

 

شەنگال- دایکانی شەنگال ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتەکانی پەدەکە بۆ قڕکردنی فەرهەنگ و باوەڕی پێکهاتەی ئێزدی. بەرفێ ئیلیاس هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ٢ کچە ئێزدییە کرد کە لەلایەن پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەەوە لە کامپەکانی باشووری کوردستان ڕفێندرابوون و ڕایگەیاند، ئەوەی پەدەکە لە کامپەکانی باشووری کوردستان دەیکات، تەواوکردنی ئەو فەرمانەیە کە داعش نەیتوانی تەواو بکات.

 

بەرفێ ئیلیاس لە فەرمانەکەوە تا ئەمڕۆ باسی خیانەتەکانی پەدەکە دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٤ بە پاراستنی پێشمەرگەی پەدەکە فەرمانی ٧٤مان بەسەردا هات، پەدەکە لە فەرمانەکەدا ڕایکرد، ئەوانەی خۆیان لەو فەرمانە ڕزگار کرد، پێشتر خاوەنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بوون، گەلی ئێزدیمان ٨-٩ ساڵە ژیانێکی شەرمەزارانە لەو کامپانەدا دەگوزەرێنن، بەڵام پەدەکە هەر کاری خۆی بەردەوامی پێدەدات، مێژوو شاهیدە گەلی ئێزدی لە باشووری کوردستاندا بوون و خاک و نیشتمانیان بووە، بەڵام بەهۆی مانەوەی گەلەکەمان لە کامپەکاندا، پەدەکە وایان لێدەکات بیانکاتە کەسی خۆیان بۆ ئەوەش چی بوێت ئەنجامی دەدات.

 

"خیانەت لە فەرمانەکەدا بەس نەبوو بۆ پەدەکە"

بەرفێ ئیلیاس لە قسەکانیدا خستیەڕوو کە گەل کامپەکان قبوڵ ناکات و شەنگال بۆخۆیان بنیاد دەنێنەوە، ئەمڕۆش بە ماندووبوونیان لەسەر پێ وەستاون، "ئەوە لە فەرمانەکەدا داعش تەواوی نەکرد، پەدەکە لە کامپەکانی باشووری کوردستان تەواوی دەکات، کۆمەڵگەی ئێزیدی ئێمە دەزانن کە لەو کامپانەدا لەژێر ناوی وانەی زمانی جیاواز و خولی درووین و چنین گەنجانی ئێمەیان بەلاڕێدا برد، دەیان کچی ئێمە لە کامپەکاندا کوژران و ڕفێنران، کەس نازانێت کێیە و بۆچی.

 

"پەدەکە دەیەوێت بە دەستی ژنان باوەڕیمان لەناو ببات"

بەرفێ ئیلیاس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پەدەکە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ژنە ئێزدییانەوە باوەڕی ئێزدی لەناوببات، بۆ ئەوەش سیاسەتی جینۆسایدی کولتووری بەرامبەر ژنانی ئێزدی بەڕێوەدەبات، خەڵکی نیشتەجێی کامپەکان وەک ئەسیر دەژین و دەسەڵات چی بوێت پێیان دەکات، گەلی ئێمە لە کامپەکان ناوێرن کاردانەوەی خۆیان نیشان بدەن، لە دۆسیەی ئاخینی بچوک و باوکیدا بینیمان، پەدەکە کچە بچووکەکە و باوکی کوشت و نەیانهێشت یەک کاردانەوە نیشانبدرێت، هەمووانیان بێدەنگ کرد، نابێت گەلەکەمان بێدەنگ بێت، پێویستە بوەستێتەوە چونکە تا بێدەنگتر بن، دوژمن هێرشەکانیان قورستر دەکات، ئەم هێرشانە زیاتر بۆ سەر ژنانی ئێزدی دەکرێت، چونکە دەزانن ژن بۆ کۆمەڵگەی ئێمە پیرۆزە و لە سایەی ژنانەوە تا ئەمڕۆ کەلتوورەکەمان پارێزراوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت یاری بە پیرۆزی و کولتوور و ئەخلاقی ئێزدییەکان بکەن.

 

"با بە گەڕانەوە خۆمان لە جینۆسایدی کولتووری بپارێزین"

لەکۆتایی قسەکانیدا بەرفێ ئیلیاس بانگەوازی گەڕانەوەی گەڕانەوەی بۆ شەنگال کرد و وتی: ئەوان بە فەرمان دەیانویست لەناومان ببەن، بەڵام نەیانتوانی، ئەوە نۆ ساڵە خەبات دژی فەرمانەکە بەڕێوەدەچت، لە ئەنجامدا ژیانێکی بە کەرامەتمان لە شەنگال بنیاد ناو، ئێمە لێرە بە باوەڕی خۆمانەوە دەژین، خەبات بۆ داهاتوویەکی ئازاد و خۆسەری خاکەکەمان و کولتوورەکەمان لە شەنگال دەکەین، لە کامپەکانی باشوور جینۆسایدی کولتووری ئەنجام دەدرێت، نابێت خەڵک ڕێگە بەم کارە بدەن. لە فەرمانەوە تا ئێستا منداڵەکانمان شەنگالیان لە چەتە خراپەکان پاککردۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە، ئەمڕۆش هێزی خۆمان هەیە و دەتوانین خۆمان بپارێزین، گەل دەبێت بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی و لە دژی هەموو هێرشەکان بوەستێتەوە.