بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ماڵئاوایی لە ناگیهان ئاکارسەل
ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سلێمانییەوە ماڵئاواییان لە تەرمی شەهید ناگیهان ئاکارسەل کرد و بەرەو زێدی خۆی لە وڵاتی تورکیا ڕەوانە کرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی ئەجێ خان لە شاری سلێمانی مەراسیمی ماڵئاوایی لە ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ڕۆژنامەنووس و فێمینیست لەلایەن دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستانڕێکخرا و بەرەو زێدی خۆی لە وڵاتی تورکیا بەڕێکرا.
لە مەراسیمەکەدا، ژنانی ڕێکخراوەکانی ژنانی باشووری کوردستان، چالاکوانان، ئەندامانی پارتە سیاسییەکان و فەوجی ژنانی عەسکەری بەشداربوون و بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشوازییان لە تەرمی ناگیهان ئاکارسەل کرد و بەڵێنی درێژەدان بە تێکۆشان و گەیاندنی ئامانجەکانیان تا سەرکەوتن دا.
تەرمی ناگیهان ئاکارسەل لەسەر شانی ژنان برایە هۆڵی ئەجێ خان، بە مەراسیمێک ژنان تاجەگوڵینەیان لەسەری دانا و پاشان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "زیلان نامرێت" و "بمرێ خیانەت" و سرودی ئەی ڕەقیب وترایەوە.
"شەهید ناگیهان داربەڕووە و بەڕووی باهۆزدا وەستاوە"
پاشان بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان مەراسیمەکە دەستیپێکرد، لە سەرەتادا نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و هاوڕێی شەهید ناگیهان وتارێکی لەسەر ناوی ژنۆلۆژی پێشکەشکرد و وتی: سەرەتای قسەم بۆ ئەو دڕندە و جەلادانەیە کە ١١ گولـلەیان بە جەستەی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەلەوە ناوە، پێیان دەڵێم ئێوە دەتوانن گوڵێک هەڵکەنن، بەڵام ناتوانن ڕێ لە هاتنی بەهار بگرن، دەتوانن دارێک ببڕنەوە، بەڵام ناتوانن ڕێگە لە دارستان بوونی ژن، ژیان، ئازادی بگرن، هەڤاڵ زیلان داری بانیان بوو، چەندە بەرەو ئاسمان هەڵبچێت، ئەوەندەی دیکە ڕەگەکەی بە ڕۆی عەرزدا دەچێت، ئەو داربەڕووە و ڕەگی بە قوڵی زەویدا چووە و بەرامبەر باهۆز ڕادەوەستێت، ڕێکەوت نییە لە هۆڵی ئەجێ خاندا بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان پرسە دەگیرێت، ئەمە وزەی گەردونی هەڤاڵ زیلانە کە هەموو ڕەنگەکانی کۆکردووەتەوە.
نەجیبە قەرەداغی باس لە تیرۆرکردنی هەڤاڵ ناگیهان دەکات و دەڵێت: ئەوانەی هەڤاڵ ناگیهانیان شەهید کرد، ئەقڵێکی دڕندەی بێ هەستن، بێ ویژدانن، بێ ئەخلاقن، بۆ ئەوەش جێیان لە شوێنی کۆمەڵگەکەی ئێمەدا نییە و دەبێت پاک بکرێنەوە، ئەوەی هەڤاڵ زیلان کردنی لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز، دامەزراندنی یادگای مێژوو و ئەرشیفی ژنی کورد بوو، بەڵام دڕندەکان پێمان دەڵێن دەبێت کۆمەڵگە بێ مێژوو بێ کولتوور، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لێرەین تا بەردەوامی بە مێژووی ئازادی بدەین و مێژووی کۆیلایەتی بناسین.
"ئازادی لەسەر دەستی ژنان دەسەندرێت"
پەروا عەلی، ئەندامی کەنەکە، وتاری کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، ناگیهان ئاکارسەل ئەو ژنە بوو کە پرەنسیپەکانی ئازادی ژنی لە فکر و جەستەی خۆیدا بەرجەستە کرد و تا شەهیدبوونیشی بەردەوام بوو، ناگیهان خەزێنەی ئەکادیمی زانستی و کۆمەڵایەتی بوو، تێکۆشەری پێشخستنی ژنانی کورد بوو، ئەو لە باشووری کوردستان پەناهەندە بوو، بەڵام بە تێکۆشانی سنورەکانی بڕی و تەواوی ژنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، بیروباوەڕەکانیشی لە هەموو جێیەک بڵاودەکردەوە کە بۆی دەچوو.
پەروا عەلی وەها باس لە ئامانجی تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان دەکات، "تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان، تیرۆری خەونی گەشەکردن و پێشکەوتنخوازی و بەرەوپێشچوونی هەموو مرۆڤێکە کە هەمیشە چاوی لە ڕووناکییە، بەداخەوە داگیرکار و تیرۆریستان هەمیشە لە ژنی ئازاد دەترسن، لەماوەی یەک ساڵدا پێنج کەسایەتی و چالاکوان لە سنوری سلێمانیدا شەهید کران، کە کۆتایان شەهید ناگیهان بوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژینا ئەمینی بووە سیمبوولی، تێکۆشانی ژنان جیهانی هەژاند، تەنها لە باشووری کوردستان دەزگا جاسوسییەکان تیرۆریان دەکەن و دڵنیا بن ئازادی لەسەر دەستی ژنان دەسەندرێت، وەک ژنانی کەنەکە شەرمەزاری ئەو تیرۆرە دەکەین و داوای تێکۆشانی ژنان دەکەین بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی.
"تیرۆر زیاتر هانی شۆڕش و تێکۆشانمان دەدات"
وتاری یەکێتی ژنانی کوردستان لەلایەن سەیوان ڕۆستەم خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا ناگیهان ئاکارسەل تێکۆشانی بۆ پێشخستنی ڕەوتی تێکۆشانی ژنان دەکرد، بەڵام دەستی تیرۆریستی تیرۆری کرد، "وەک یەکێتی ژنان سەرەڕای ئیدانەکردن، کە کاروانی ژن و تێکۆشان بە تیرۆرکردنی هەڤاڵ ناگیهان کۆتایی نایەت و ئەم جۆرە کردارانە زیاتر هانی شۆڕش و تێکۆشانمان دەدات لەپێناو بەدیهێنانی ماف و ئازادی، نەمری بۆ هەڤاڵ ناگیهان".
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، وتاری هەریەک لە حسێن کاچماز، پەرلەمانتاری هەدەپە، کەژاڵ عەبدولقادر لە پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە، وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادی خوێندرایەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، لەسەر شانی ژنان ناگیهان ئاکارسەل گوێزرایەوە و ڕەوانەی زێدی خۆی کرا، هەروەها تا ڕێگەی تاسلوجە لە شاری سلێمانی ژنان و وڵاتپارێزان لەگەڵ تەرمەکەدا بوو و لەوێوە ماڵئاواییان لە ناگیهان ئاکارسەل کرد.