هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێک و بووکەکەیان کوشت

هێزەکانی تاڵیبان بەهۆی بەرزی دەنگی مۆسیقاوە هێرشیان کردە سەر کاروانی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری و بووکەکەیان کوشت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی، ١٠ی ئادار، بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان و سەرچاوە ناوخۆییەکان، هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلەکانی کاروانێکی هاوسەرگیری لە ناوچەی شاگی لە پارێزگای نەنگەرهار کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بەهۆی ئەوەی دەنگی مۆسیقاکە بەرز بوو، لە ئەنجامدا بووکەکە گیانی لەدەستدا و دوو ئەندامی بنەماڵەی بووکەکەش بریندار بوون.

 

ڕۆژنامەنووسێکی ناوخۆیی ڕایگەیاندووە کە سەرەتا ئۆتۆمبێلی بووک و زاوا لەلایەن تاڵیبانەوە ڕاگیراوە و دوای ئەوەی هێزەکانی تاڵیبان ئاگاداریان کردەوە کە مۆسیقاکە کەمبکەنەوە، شۆفێرەکە بەردەوام بوو لە ڕێگاکەیدا، بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکەی تاڵیبان، دوای ئەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر کاروانەکە.

 

ئەم کارە توندوتیژییەی تاڵیبان بووەتە هۆی ڕەخنەی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ڕایانگەیاندووە، تاڵیبان کوشتن بە حەڵاڵ و مۆسیقا بە حەرام دەزانێت.

 

بیلال سروری، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئەفغانستانە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە کوزکەناری سەر بە شاری نەنگەرهار، تاڵیبان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی بووکەکە کرد کە بە دەنگی بەرز مۆسیقای لێدەدا و بووکەکەیان کوشت، فەرمانی بەناوبانگی تاڵیبان بەم شێوەیە؛ کوشتن حەڵاڵە و گوێگرتن لە مۆسیقا لە کاتی [مەراسیمێکی خۆشدا] نایاساییە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسم و ئاهەنگەکانی خۆشی خەڵک، لەوانەش ئاهەنگی هاوسەرگیری و ڕێوڕەسمی هاوڵاتیانی ئەفغانستانیان پەکخستووە و ژمارەیەکیشیان بریندار کردووە.