فاتوش ستێرک: فیلمە دیکۆمێنتاریەکان یادەوەریی کورد دروست دەکەن
فاتوش ستێرک، بەرهەمهێنەری فیلمی دیکۆمێنتاری "Li Kurdistanê Mij û Şev e" ، سەرنجی بۆ ڕاستی ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی و شەڕی کورد ڕاکێشا کە کورد ئەزموونی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی کارە دۆکیۆمێنتارییەکەیانەوە یادەوەری و یادێکی بەکۆمەڵ دروست دەکەن.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- بیرکردنەوەی پیاوسالاری هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، تەنانەت سینەماش، هەروەها مەیدانێکە کە پیاوان هەوڵی زاڵبوونیان دەدەن تێیدا، لە سینەمادا زۆرجار ژن لە بەردەم کامێرادا وەک کاڵایەک و شتگەلێک پێشکەش دەکرێت، کە بە شێوەیەکی بینراو بەکاردەهێنرێت، نەک وەک مرۆڤێکی تەواو بەدیهاتوو و خاوەن بەها و بوونی سروشتی خۆی.
بەدرێژایی مێژوو ژن لە فیلمەکاندا بە ڕۆڵی سنووردار وێناکراوە کە بوونیان بۆ وەسوەسە یان دایکایەتی کورت کراوەتەوە، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦ی ناوەندی ژنان لە بواری تەلەفزیۆن و فیلمدا بە ڕوونی ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد، توێژینەوەکە بە شیکردنەوەی سەد فیلمی زۆرترین داهات دەریخستووە، کە ژنان تەنها ٢٩٪ی کارەکتەرەکانی سەر شاشە پێکدەهێنن، جگە لەوەش، دەریخستووە کە ئەو فیلمانە بە لانیکەم یەک دەرهێنەر یان نووسەری ژنیان تێدایە، هەروەها ٥٧٪ی ئەکتەری ژنیان تێدایە، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە فیلمەکانی دەرهێنان یان نووسراوی پیاواندا بۆ ١٨٪ دابەزیوە.
"ژنانی دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی فیلمی ئامەد ناوەندی شانۆ دەگرنە دەست"
لە کاتێکدا ڕاستی بەردەوامە لە سەپاندنی ڕوانگەیەکی پیاوانە بەسەر شاشەی گەورەدا، ئەمڕۆ مێژوو بە بوونی ژنانی سینەماکار دروست دەکرێت، کە لەگەڵ کامێراکانیان دژی ئەم ڕوانگەیە وەستاون، ژنە دەرهێنەرەکان لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئامەد، کە لە ٧ تا ١٤ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو، بە ٤٠ فیلم، جێپەنجەی دیاری خۆیان بەجێهێشت، ئەم بەرهەمانە لە دەرهێنەری ژنانەوە هاتبوون، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تورکیا و ڕەوەندەوە هاتبوون و باسیان لە تەوەرە هەمەچەشنەکان کرد کە فێستیڤاڵەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و تیشکیان خستە سەر دەنگی ژنان لە سینەمادا.
بەرهەمهێنەر فاتوش ستێرک، بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "تەم و شەو لە کوردستان" لی کوردستانێ میج و شەڤە''، کە لە دەرهێنانی شیلان سەعدیبوو، بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، فیلمە دیکۆمێنتارییەکە باس لە حەوت ژنی گەنجی ئێزدی دەکات کە لە کاتی هێرشی داعشدا لە شنگال هەڵاتوون، سەرەتا بۆ ئامەد و دواتر بۆ ماردین، فیلمەکە بە زمانی کوردییە و ماوەی ٨٥ خولەک بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ژینگەیەکدا کە ئازادی نییە و فشار و سەختییەکان زاڵن بەسەریدا، هونەرمەندان ناتوانن بەرهەمی سەربەخۆ بەرهەمبهێنن، هەروەها شوێنێک بۆ نمایشکردنی داهێنانەکانیان نادۆزنەوە، بۆیە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا بەهایەکی زۆری هەیە و نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات لە پاراستن و بەردەوامبوونی هونەر.
ڕوونیشیکردەوە، کە فێستیڤاڵەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کۆکردنەوەی ژنانی سینەماکار، وتی: فێستیڤاڵەکە پێشوازی لە سینەماکارانی ناوچە جیاوازەکان کرد، لەگەڵ هونەرمەندانی ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕەوەند کۆبوونەوە، هەروەها گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەو بابەتانەی کە دەتوانین پێکەوە چی بە ئەنجام بگەیەنین و ئەو پڕۆژە هاوبەشانەی کە کاریان لەسەر دەکەین، فێستیڤاڵەکە بووەتە شوێنێک کە یەکمان دەخات و دەرفەتێکمان پێدەبەخشێت بۆ پەیوەندیکردن و هاوکاریکردن.
سەبارەت بە بوونی ژنان لە سینەما و ڕۆڵی ئەوان لە بەڵگەنامەکردنی ڕاستیدا وتی: زۆرجار فێستیڤاڵەکان بە بەرهەمی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی پیاو زاڵ دەبن، لە کاتێکدا ئەم فێستیڤاڵە بە بەرهەمی دەرهێنەری ژن زاڵ بووە، باوەڕناکەم ئامادەنەبوونی ژنان لە سینەمادا بەهۆی نەبوونی ئامادەییانەوە بووبێت، ژنانیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەشێک بوون لەم بوارەدا، بەڵام بە ئەنقەست هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدەن.
"ژنانی کورد لە ڕێگەی سینەما خەریکی دروستکردنی یادەوەری خۆیانن"
فاتوش ستێرک، باسی لە پەیوەندییە درێژخایەنەکەی سینەمایی بە پیاوانەوە کرد و ڕایگەیاند، مێژوونووسانی پیاو مێژووی ئەم شێوازە هونەرییەیان نووسیوە، بە ئەنقەست ناوی ژنانیان بەدەر کردووە و لە تۆماری سینەمادا سڕیویانەتەوە، هەروەها سینەما ساڵانێکە وەک ئامرازێک لە دەستی پیاواندا بەکارهاتووە، دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی ژنان لەم بوارەدا دوور بخرێنەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا ژنان هەر لە سەرەتاوە بناغەکانی سینەمایان دانا، بۆ نموونە لە سینەمای سۆڤیەتدا باشترین مۆنتاژکاری فیلم ژن بوون، بەڵام هەموو ئەمانە بە ئەنقەست پشتگوێ دەخرێن، چونکە نایانەوێت ژنان بەشێکبن لەم هونەرە، ئەوان بە تەواوی ئاگاداری ئەوەن کە داهێنەری ژنان دەتوانێت سینەما بەرەوپێش ببات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان وازیان لەم خەباتە نەهێناوە، بە تێپەڕبوونی کات ژمارەی ژنانی سینەماکاری زیادی کردووە و بەردەوامیش دەبن، هەروەها تەواوی ئەو ستافە سینەماییەی کە دروستمان کرد لە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتبوون، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ئێمەی لە یەک شوێندا کۆکردەوە و پەیوەندییەکی نێوان ژنانی کوردی دانیشتووی ناوچە جیاوازەکانی دروستکرد، خۆم لە فێستیڤاڵێکی فیلمدا هاوئافرێنەرەکەم ناسی، هەر بۆیەش هەمیشە جەخت لەسەر گرنگی ئەم فێستیڤاڵانە و ڕۆڵی ئەوان لە دروستکردنی پرد لە نێوان ژنانی کارکردنی سینەمادا دەکەمەوە.
سەبارەت بە گرنگی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە وەک بەشێک لە یادەوەریی کورد، فاتوش ستێرک جەختی لەوە کردەوە، کە سینەما جێگەیەکی تایبەتی بۆ کورد هەیە، هەروەها ئەگەر سینەما وەک یادەوەرییەک بزانین کە مێژوو دەپارێزێت، تێبینی دەکەین، لەکاتی سەیرکردنی فیلمەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا، بوونی کۆمەڵێک ئامڕازی ڕوون، گێڕانەوەیەک هەیە کە لە دەوری چەمکەکانی وەک سنوورەکان، کۆچکردن، شەڕ و کوشتنی چارەسەرنەکراو شێوە دەگرێت، ئەم تەوەرانە لە سینەمای ساڵانی ٢٠٠٠دا دووبارە دەبنەوە، بەڵام ڕەنگە لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەیی لە چیرۆکەکانی کوشتنی چارەسەرنەکراو بە بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: دوای ساڵی ٢٠١٥، چووینە قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە، شاهیدی ڕووداوە ترسناکەکان بووین، تەواوی شارەکانیش وێران بوون، یادەوەری ئەو قۆناغە لە کۆمەڵێک فیلمدا بەڵگەی لەسەر کراوە، دەتوانین ئەو ڕۆژانە بە ڕوونی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمانەوە ببینین، گرنگی سینەما لە توانایدا هەیە بۆ بونیادنانی یادەوەری و کولتوورێکی بەکۆمەڵ، هەروەها لە ڕۆڵەکەیدا وەک ئامرازێک بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ ئەوە لە بیری نەکەین، ڕێگە نەدەین لەبیرمان بچێت.
''گەشتی حەوت ژنی گەنجی ئێزدی لە فیلمی "الضباب والليل" "تەم و شەودا''
فاتوش ستێرک باسی لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی کرد بە ناوی "الضباب والليل في كردستان" واتە "تەم و شەو لە کوردستان" ، کە چیرۆکی حەوت ژنی گەنجی ئێزدی دەگێڕێتەوە کە دوای دەربازبوونیان لە دیلێتی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان لە شنگالەوە هەڵاتوون، گەشتە سەختەکەیان لە باکووری کوردستان کۆتایی هات، خێزانەکان سەرەتا لە کامپی فیدانلیک نیشتەجێ بوون، لەوێ دەستمان بە وێنەگرتن کرد و لەگەڵ ئەو حەوت کچە وۆرکشۆپی فیلمسازیمان ئەنجامدا، دواتر کامپەکە چۆڵکرا، هەروەها گواسترانەوە بۆ کامپی AFAD لە میدیات، کە زیاتر لە کامپی دەستبەسەرکردن دەچوو، چونکە هیچ شوێنێکی تایبەتیان پێنەدرابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێزدییەکان باسیان لەوە کرد کە چۆن بەشێک لە دراوسێ عەرەبەکانیان لە کاتی کۆمەڵکوژی شنگالدا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، برینێکی دەروونی قووڵی بەجێهێشتووە، بۆیە بوونی خێزانە عەرەبەکان لە چادرەکانی دراوسێدا زەبر و زەنگەکانیان گەورە کردەوە، لە کامپپی شارەوانیدا، توانیان بێن و بچن، بەڵام لە کامپی AFAD، تووشی گۆشەگیرییەکی تەواو بوون، ئەوان نەیانتوانی بچنە دەرەوە، و ڕێگەمان پێنەدرا بۆ ئەوەی بچێنە ناوییەوە.
ڕوونیشیکردەوە، لەبەرئەوەی نەیانتوانیوە بچنە ناو کامپەکە، کامێرای بچوکیان بۆ کچانی ئێزدی دابینکرد تا خۆیان لەناو کامپەکەدا وێنە بگرن، دواتر ئەو حەوت کچە لە کاتی جیاوازدا بەرەو ئەڵمانیا ڕۆیشتن، وا دیار بوو گەشتەکەیان لەوێ کۆتایی پێبێت، بەڵام پێموانییە ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییەی بەرهەممان هێنابێت گەیشتبێتە ئەنجام، ڕۆیشتنیان دەرگای بەڕووی چیرۆکێکی نوێدا کردەوە کە تا ئێستاش لە ئارادایە، ئەویش هێشتا پەنابەرن، ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، گەورەترین خەونیشیان ئوەیە ڕۆژێک بگەڕێنەوە بۆ لالیش، وێنەگرتنی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ۱۰ ساڵی تەواوی خایاند.
فاتۆش ستێرک لە ساڵی ٢٠١٧ بەشی سینەما و تەلەفزیۆنی لە زانکۆی مەڕمەڕە تەواوکردووە، لە ساڵانی زانکۆییدا لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامە کاری کردووە، هەروەها ساڵانێک بەشداری کردوە لە بەڕێوەبردنی نمایشەکانی "أيام السينما الكردية" "ڕۆژانی سینەمای کوردی"، هەروەها وەک چاوپێکەوتن، ئەکتەر لە دوو فیلمی درێژ و چوار کورتە فیلمدا بەشداری کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی بە نووسین کرد بۆ گۆڤاری فیلمی کوردی "تەماشە" و لە هەمان ساڵدا بەرنامەی "Kadraja Kurdi"ی لە یەکەم کەناڵی پۆدکاستی کوردی "پۆدکاستکوردی" دروستکرد و پێشکەشی کرد، کە تیایدا بە بەکارهێنانی شێوازێکی ئەرشیفی مێژوو و تیۆرییەکانی سینەمای لێکۆڵیەوە، میوانداری چەندین میوانی کرد و بەرنامەی لەسەر سینەمای هاوچەرخ پێشکەش کرد، دوای خوێندنی زمانەکە لە سکۆتلەندا، گەڕایەوە تورکیا بۆ درێژەدان بە کاری هونەری و میدیایی.
لە ئێستادا سەرقاڵی درووستکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نوێیە دەربارەی ئەو منداڵە کوردانەی کە لە باکووری کوردستاندا کە کەوتوونەتە ژێر ئامێری گەورە و قورس و گیانیان لەدەستداوە.