فاتمە عەلی: بۆ مانەوەی پیشە پێویستە حکومەت هاوکار بێت
فاتمە عەلی، خاوەن کارو پیشەگەر دەڵێت: هەر ئیشێک مۆرکی نەتەوەیی پێوەبێت و بتەوێت بیپارێزیت، کاری حکومەت و دەولەتە دەبێت کە شوینی تایبەت هەبێت و خول بکاتەوە، هەرچیەکی لەدەست بێت بیکات تاوەکو کولتوورەکەمان لە ناونەچێت.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-لە ئێستادا لەسەردەمێکین کە پیشەکان ساڵ بە ساڵ گۆڕانی بەسەردا دێن و هەرکاتێکیش وا دەکات کولتوورو کەلەپوری کوردی لەناو بجێت، بەڵام لە ئێستادا نەوەیەک هەیە حەز بەمانەوەی پیشە دەستیە کولتووریەکان دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن ئەگەر حکومەت هاوکاریان بێت دەتوانن پارێزگاری لە کولتوورو پیشەکەیان بکەن، هەروەها ژنان گرنگی بە کوالێتی دەدەن تا پیشەکەیان نەبێتە بازرگانی بەڵکو مۆرکی کوردەواری پێوەدیاربێت.
فاتمە عەلی، دانیشتووی سلێیمانییەو ئیشی ڕازاندنەوی وەرزی دەکات و وتی: خۆم زۆر حەز بەو ئیشە دەکەم کە بە جۆرێک بێت هەم بۆ جلی دەرەوە ببێت هەم بۆ جلی کوردیش، زیاتر حەزدەکەم بۆ جلی کوردی بێت لەبەر ئەوە شتەکە کولتووریەو حەزدەکەی زیندوو بمێنێتەوە، ئەگەر هەوری بێت یام جامانە ئالای کوردستان بێت.
"حەزدەکەم ئەوەی دروستی دەکەم بۆ هەردوو ستایلی جلی کوردی و مۆدە بێت"
پیشەگەر فاتمە عەلی وتی: من بابەتە کولتووریەکان، قەزوان و شتە کولتووریەکان حەزلێدەکەم، بۆسەر جلی کوردی بەکار بێت و بمێنێتەوە، هەم سودی ماددی بۆ خۆم هەیە هەم حەزم بە ئیشەکەیە، هەم شتە کولتووریەکان دەمێننەوە، چەن کەسیش داوای کردبێت و حەزی کردبێت بمینیتەوە پێموتوەو هەرگیز زانیاریەکانم لای خۆم حەشار نەداوە، چونکە باوەڕم وایە کە کەسێک شتێک دەزانێت چۆن ماڵی دنیا زەکاتی هەیە، زانستیش زەکاتی هەیە، من ناڵێم شت دەزانم بەڵام ئەو شتە بچوکەی لەوسەر مێزە هەیە، لێی دەزانم ئەوەی حەزی لێبێت فێر ببێت، بۆمانەوەی کولتوورو مانەوەی چیم لەدەستبێت دەیکەم حەزدەکەم فیری بکەم.
"بابەتە نەتەوەییەکەن دەبێت حکومەت پاڵپشتی بێت"
سەبارەت بەوەی چی بکرێت بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، فاتمە عەلی دەستڕەنگین و پیشەگەر روونیکردەوە کە هەر ئیشێک مۆرکی نەتەوەیی پێوەبێت و بتەوێت بیپارێزێت، کاری حکومەت و دەوڵەتە، دەبێت شوێنی تایبەت هەبێت و خول بکاتەوە هەرچیەکی لەدەستبێت بیکات تاوەکو کولتوورەکەمان لە ناونەچێت، زۆر دەمێلە دەمەوێت خول بکەمەوە، بەڵام بۆم نەگونجاوە چونکە ئەم خولانە کاتیان دەوێت، کە ژیانیش بەردەوام بوو لە ڕێگەی پەیج و پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەوڵمداوە زۆرترین کەس لە دەورووبەرم فێر بکەم، لە پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵمداوە فێرکاری بکەمەوە.
فاتمە عەلی لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: داواکرم لە ژنان زۆر کار لە سەر کوالێتی کارەکەیان بکەن لەبەرئەوە کاری دەستی جۆرێکە لە پەیوەندی بە ڕۆحەوە هەیە، کارێکە پەیوەندی بە هەستەوە هەیەو با کوالێتی زۆر باش بێت وەک ڕۆح ئەمە ئیشی کارگەکان نییە ئیشی کارگە ڕۆحی تیادا نییە، بەڵام شتی ڕۆحی هەستدەکەیت دوودانە دەست دانیشتوون بە خۆشەویستیەوە ئەم کارەیان دروست کردووە، من وەک خۆم ئەگەر حەزم لە شتێک نەبێت ناتوانم دروستی بکەم، داواکارم لە هەموو ژنان ئەوەی کاری دەستی دەکەن گرنگی زۆر بە کوالیێی بدەن، تەنها بە بازرگانی بیری لێنەکەوە، ئەگەر بیکەنە بازرگانی کاری دەستی ناشرین دەبێت و وردە وردە واتاکەی لەدەستدەدات و دەفەوتێت.