لە مەنبج پێشڕەوی دەکرێت و چەندین ناوچە لە چەتەکان پاککراونەتەوە

شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج کە ١٥ ڕۆژە دژی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکەن، دوێنێ هەڵمەتی شەهید عەزیز عەرەبیان لە مەنبج دەستپێکرد و چەندین گوند و ناوچەیان لە چەتەکان پاک کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە، هێزەکانیان ناوچەی ئەبو قەلقەلی نزیک شارۆچکەی منبجیان کۆنترۆڵ کردووە، بەوەش مەترسییەکانیان لەسەر بەنداوی تشرین رەواندووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ ٢٣ی کانوونی دووەم، شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج کە ١٥ ڕۆژە دژی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکەن، هەڵمەتی شەهید عەزیز عەرەبیان لە مەنبج دەستپێکرد و شەوی ڕابردووش مەنجبیان لە چەتەکان کردە دۆزەخ.

 

هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب هێزەکانی قەسەدە لەناوچەی خەفسە پێشڕەوییان کرد و گوندی بابیری و وێستگەی ئاوەکەیان کۆنترۆڵ کرد، کە وێستگەی ئاوی بابیری، ئاو بۆ شاری حەلەب دابیندەکات و زیاتر لە ١٠ ڕ شارەکە بێ ئاو بووە، بەهۆی ئەوەی چەتەکان شاری حەلەب گرتووەتەوە.

 

بە گوێرەی زانیارییەکانیش، زیاتر لە ٤٠٠ لەو چەکدارانەى سەر بە دەوڵەتی تورکیان، چەکەکانیان داناوە و بڕیاریانداوە شەڕ نەکەن و زۆرێکیان چوونەتە جەرابلوس و عەفرین.

 

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی شەهید هارون، کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدەیە، دوێنێ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مەنبج و دەوروبەری بەنداوی تشرین ٣ ئۆتۆمبیلی سەربازیی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان تێکشکاند، شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی ڕەققەش، هەوڵی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری بۆ دزەکردنە نێو گوندی ئوم ئەل بەرامیلی ڕۆژهەڵاتی عەین عیسایان تێکشکاند و دوو چەتە کوژران.

 

هاوکات چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵیاندا لە دەوروبەری گوندی عالیای تل تەمر هێرشێک ئەنجام بدەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی تل تەمر هێرشەیان تێکشکاند، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی شەڕڤانانی تل تەمر، ٣ چەتە کوژران و ٢ چەتە برینداربوون و ئۆتۆمبیلێک بە دۆشکەکەی سەریەوە تێکشکێندرا.

 

"کۆبانێ بووەتە سیمبولی شەڕی بوێرانە"

لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنالیانا بیربۆک، وەزيری دەرەوەی ئەڵمانيا رايگەياند، کوردەکان بە تايبەت رۆڵيان هەبووە لە شکستپێهێنانی داعش لەو کۆمەڵکوژييەی ئەو رێکخراوە لە ناوچەکە ئەنجاميدا. شاری کۆبانێی سووریا بووەتە سیمبولی شەڕی بوێرانەی کورد لە دژی داعش".

 

وەزیرەکەی ئەڵمانیا هۆشداريشيدا بە تورکيا لەوەی نابێت دۆخی ئێستای سووريا ببێتە هۆی ئەوەی جارێکی ديکە کوردەکان دەربکرێن و توندوتيژييەکان دووبارە ببنەوە، هەموومان بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ توندوتیژییەکی نوێ، هیچ هێزێکی نوێی توندڕەو سەرهەڵناداتەوە، بەڵکو پێويستە خەڵک بتوانێت بە پارێزراویی بژی و یەکێتیی خاکی سووریا بپارێزرێت".