"ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گۆڕەپانی کەرامە پیرۆز دەکەین"
ناڕەزایەتی خەڵک کە بە ڕێبازێکی ئاشتیانە لە شاری سوەیدای سووریا دەستی پێکرد، سەرەتا لە شێوەی داواکاری بۆ باشترکردنی دۆخی نالەباری ئابووری دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا ئەو داواکاریانە بوونەتە داواکاری سیاسی کە داوای "ڕووخاندنی ڕژێم" دەکەن.
ڕوشیل جۆنیۆر
سوەیدا- ژنانی شاری سوەیدا لە سووریا پێیان وایە توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی سنووردار نییە، بەڵکو زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیش دەگرێتەوە، کە خۆی بە یەکێک لە دەرکەوتەکانی توندوتیژی دادەنرێت.
هەزاران کەس لە خەڵکی سوەیدا ڕۆژی هەینی، ٨ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی کەرامە لە ناوەندی شاری سوەیدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ناوەندی و داوای سەروەری یاسا و دادپەروەری و یەکسانی کۆبوونەوە. ئەوان دروشمی پشتیوانی لە ئازادی و یەکسانی و دیموکراسییان وتەوە و خوازیاری بنیادنانی سووریایەکی یەکگرتوو بە گوێرەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بوون، هەروەها خۆپیشاندەران خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی زیندانەکانی حکومەتی دیمەشق و باشترکردنی دۆخی ئابووری بوون.
ژنان بە بوونی خۆیان لە گۆڕەپانەکە و بەشداریکردنیان لە هەڵمەتی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا نیشان دا و پەیامێکیان بە ناوی "واژۆکانتان لە دژی توندوتیژی" لە گۆڕەپانی کەرامە بەجێهێشت. پلادکاردیان بە ڕەنگی پرتەقاڵی هەڵگرتبوو کە ڕەنگی وزەیە و هێمای ژیانێکی باشترە بۆ ژنان.
ئامال جەبر یەکێک لە بەشداربووان وتی: ئێمە لە هەموو توێژەکانەوە هاتووین بۆ گۆڕەپانی کەرامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەم و توندوتیژییەی کە لە دژی ژنان ڕوودەدات، وتیشی: لە گۆڕەپانەکەدا چالاکیەکمان ڕێکخست کە هاوکات بوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەیە، لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە داوای ماف و ئازادییەکانمان دەکرد و لەم بۆنەیەدا بینیمان کە ژنان هاوار دەکەن بۆ ئازادی خۆیان و منداڵەکانیان، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتریان بۆ دابین بکرێت.
ڕەحاب کەمالەدین، یەکێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە، ڕوونیکردەوە، "ژنان سەبارەت بە میرات و پەروەردە لەژێر فشاری کۆمەڵگە و یاساکانی حکومەتدان، هەر بۆیە پەیوەندیمان بەم بزووتنەوەیە کرد بۆ داواکردنی مافەکانمان"، جەختیشی لەوە کردەوە ئەوان بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان تا هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.
تەغرید باست دەڵێت: گۆڕەپانی کەرامە بۆ هەموو سوورییەکانە، بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، چ ژن و پیاو، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەمڕۆ هەڵمەتی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکرد، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و یەکێکن لەو گروپانەی زۆرترین توندوتیژییان بەرکەوتووە، ئەوانەن کە سەرپەرشتیارەکانیان لەدەستداوە و بوونەتە بەرپرسیار لە دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانیان، هەروەها ئەوانەن کە چوونەتە دەرەوەی ماڵ بۆ کارکردن و لەلایەن کۆمەڵگە و تەنانەت لەلایەن دابونەریتی کۆنەپەرستانەشەوە هەراسان و سووکایەتییان پێکراوە.
هەروەها باسی لەوه کرد که خەڵکی سوەیدا خەڵکی ئاشتیخوازن و بەو هۆیەشەوه بۆ داوا کرنی مافەکانیان، بەشداری ناڕەزایەتیی ئاشتیانەیان کردووه، ئەوان تەنیا ئاشتی و ژیانیان بە کەرامەت و ئازادییەوە دەوێت. لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ژنان کرد بێنە مەیدانەکان داوای مافەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو مافانە بەدی بهێنرێت.
شایانی باسە کە ناڕەزایەتییەکانی شاری سوەیدا لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، ئەمەش لە کاردانەوە بە تێکچوونی دۆخی ئابووری وڵات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بوو و کە تا ئێستاش بەردەوامە. لەم ناڕەزایەتیانەدا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە پلادکارد بە دروشمی "ڕوخاندنی ڕژێم" و داوای ئازادکردنی زیندانییەکان بەرز کرانەوە.