لافاو زیانی بە چەند پارێزگایەکی باشووری کوردستان گەیاند

بە هۆی لافاوەوە زیانی ماددیی بەر نزیکەی ٢٥ ماڵ لە هەڵەبجە و چەند ماڵێک لە کەرکوک کەوتووە، بە وتەی هاوڵاتییانیش تیمی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەپێی پێویست بەدەمیانەوە نەچوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک ناوچە نزیکەی ١٦٠ ملم باران باریوە، لە پارێزگای هەڵەبجەش زۆرترین باران باریوە.

 

شەوی ڕابردوو، بەهۆی بەهێزی ئەو شەپۆلە باران بارینەی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە هەڵەبجە لافاو درووستبوو، بەهۆیەوە زیانی ماددی بە نزیکەی ٢٥ ماڵ لە گەڕەكی شێخ ئیسماعیل لە شارەكەدا كەوت و ئاو چووە ماڵەكانیانەوە.

 

بە وتەی هاوڵاتیانی پارێزگاکە تیمی حکومەت زوو بە دەم خەڵکەوە نەچووەو بەوهۆیوە لافاو زیانی پێگەیاندوون.

 

لە سلێمانیش لافاو دروستبوو، لە کەرکوکیش بەهەمان شێوە لافاو زیانی بە چەند ماڵێک گەیاند.