ناڕەزایەتی ژنان دژی هەموواری یاسای باری کەسێتی پەرلەمانی ئەوروپای هێناوەتە دەنگ

ناردنی یاداشتی ناڕەزایەتی هاوپەیمانی ١٨٨ی ژنان بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە هەموواری یاسای باری کەسێتی، یەکێتی ئەوروپای هێنایە دەنگ.

 ناوەندی هەواڵ

 

لە ٤ـی ئابی ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و لە ١٦ـی ئەیلوولدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد، بەپێی ئەو هەمووار کردنەوەیە، مەزهەبگەرایی و تائیفەگەریی قوڵدەبێتەوە و مافەکانی ژنان و منداڵانیش پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی جیابوونەوەى ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات.

 

هاوپەیمانی ١٨٨ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان، هەوڵی گەیاندنی دەنگی ژنانیان بە یەکێتی ئەوروپا دا و لە ئەنجامی هەوڵەکانیان، یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەی لە بارەی هەموواری یاساکەوە کرد، هاوپەیمانی ١٨٨ لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە هەوڵدانەکانیان و وەڵامی یەکێتی ئەوروپایان خستەڕوو.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

ئێمە وەک هاوپەیمانی ١٨٨ لە شاری سلێمانی و تەحالوفی ١٨٨ی عێراق خۆشحاڵی خۆمان ڕادەگەیەنن بۆ ئەنجامی کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و دەرچواندنی بڕیارنامەی تایبەت بە یاسای ١٨٨، سوپاس پێزانینی خۆمان بۆ هەردوو پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا ڕادەگەیەنیت.

 

دوێنی ڕۆژی ١٠/١٠/٢٠٢٤ کۆبوونەوەی یەکێتی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو یەکیك لە باسە گرنگەکانیان تایبەت بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە عێراق.

 

ئێمە وەك ژمارەیەك لە ڕیکخراوی ژنان، ڕێکخراوی کۆمەلگەی مەدەنی، گروپ، داکۆکیکاران، کەسانی ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس هەر لە سەرەتاوە پەیوەستبوونی خۆمان ڕاگەیاند بە تەحالوفی ١٨٨ی عێراق بەناوی هاوپەیمانی ١٨٨ – سلێمانی . هەر لە سەرەتاوە دەست بەکاربووین و هەوڵی جدی خۆمان داوە بۆ وەستاندنی یەکێك لە کۆنەخوازترین پێشنیارەکان کە پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا بۆ هەموواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی سالێ ١٩٥٩ لە ٢٤ی ٧ی، وەك ئاگادارن دوای ماوەیەکی زۆر کەم دووجار خوێندەوەی بۆ کرا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرواری ٤ی ٨ی ٢٠٢٤ و ١٦ی ٩ی ٢٠٢٤.

 

ئەنجامدانی چالاکی بەرچاو، گردبوونەوە لە بەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەران لە سلێمانی، نووسینی نامە بۆ لایەنە پەیوەنددارەکان بۆ ناوخۆو دەرەوەی عێراق، کۆکرکردنەوەی واژووی سەدان داکۆکیکار و ناردنی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ وەستاندنی پرۆژە یاسایی هەموواری باری کەسێتی لە عێراق ، یاداشتی تایبەت بۆ پاراستنی داکۆکیکارانی ئەم بزوتنەوەی دژی هەمووارەکە، وەرگێرانی بۆ سەر زمانە جیاوازەکان، ناردنی یاداشتی ناڕەزایەتی بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا کاری ڕۆژانەی هاوپەیمانی سلێمانی بووە.

یەكێک لەو کارە گرنگانەی هاوپەیمانی ١٨٨- لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا دروستبوونی پەیوەندی بوو لەگەڵ پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئەوروپا بەناوی بەڕێز ( پیر کلاوسن لە ڕید گرین ئەڵاینس)لە دانیمارك لە رێگەی ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزەوە هەموو یاداشت، زانیاریەکان، چالاکیەکان و داوکاریەکان گەیشت بە بەڕێزیان و لە کاتی خۆئامادەکردنیان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا لە هەفتەی پێشووترەوە هەموو زانیاری وبەیانی تەحالوفیان پێگەیشت هەر ئەو کات چاوەڕوانی ئەرێنیمان هەبوو بەو هۆکارەی زانیمان کاری چڕێ بەڕێزیان وگەیاندنی هەموو دەنگە ناڕازیەکان لە ناو عێراقدا لە لایەن هاوپەیمانی ١٨٨ لە شاری سلێمانی گرنگی پێدرا بە هامئاهەنگی لەگەڵ تەحالوفی ١٨٨ی عێراق.

 

ڕۆژی ١٠/١٠/٢٠٢٤ لە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئەم کێشە گەورەیە باسکرا و بڕیارنامە دەرکرا، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ناڕازیبوونی لە ڕیگەی بڕیارنامەیەك بە ژمارە و کۆدی P10_TA(2024)0020، دەربڕی، هەمان کات ڕەخنە لە عێراق دەگرێت کە پێشێلکاری ڕاستەوخۆی مافەکانی منداڵان و ژنانە، هەمان کات کۆمەلێك داواکاری دەستنێشانکردوە بۆ دەوڵەتی عێراق بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق...

 

ئیمە لێرەوە وەك هاوپەیمانی ١٨٨- شاری سلێمانی و عێراق خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەم دیکۆمەنتە گرنگە کە پشتیوانیە بۆ خەباتی ئێمە لە وەستانەوەمان پێکەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاسایی هەموواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی سالێ ١٩٥٩ لەعێراق کە خەباتی ئیمە بۆ پاراستنی منداڵان و ژنان سەدان هەنگاو دەباتە پێشتەوە. ئەوەی جێگای دڵخۆشیە داواکاری و یاداشتەکانی ئیمە بە هەند وەرگیراوە کاریگەری داناوە لەسەر بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا.

 

لێرەوە دەستخۆشی لە پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا دەکەین ( پێر کلاوسن ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕێد گرین ئەڵاینس، ڕیما حەسەن ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە حزبی چەپی فەرەنسا) کە دەوری یەکجار سەرەرەکیان گێرا بۆ دەرکردنی ئەم ڕسلوشنە پێكهێنانی تەحالوفی ١٨٨ لە عێراق بەدەستکەوتێکی گرنگ دادەنرێت لەئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ، ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە یەکیكە لە داینەمۆ ئیجگار گرنگەکانی خەبات و بزوتنەوەی ژنان لەسەرتاسەری عێراق بۆ کاری پێکەویی، هاتنە دەنگ و یەکڕێزی بۆ وەستانەوە بەرامبەر یەکێك لە کۆنەخوازترین پشێنیارەکان لە ئەمڕۆی عێراقدا.