شۆڕشی ژنان بە بوونی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام دەبێت

ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنانی کوردیان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاند، ژنە ڕۆژنامەنووسانی   و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لەسەر ئەو ڕێگایەی کە ژنانی ئازا بۆیان کردووینەوە بێ ترس دەڕۆین.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ - ٧ی تشرینی یەکەم ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کوردە، ئەم ڕۆژە لەسەر بنەمای خەباتی ئەو ژنانەیە کە بۆ ڕاستی و ئازادی ژن و کۆمەڵگە، بۆ ڕزگارکردنی جوگرافیا ماندوونەناسانە کاریان کردووە، بەو بەرخۆدانەش هێڵی ڕۆژنامەگەریی ئازادیان بنیادنا. گوربەتەلی ئەرسۆز و هاوەڵەکانی گیانی خۆیان بەخت کرد، ڕۆژنامەنووسانی ژنیش تا ئێستا لە کەسایەتی گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و ناگیهان ئاکارسەلدا، درێژەیان بە ڕۆژنامەگەری ژنی ئازاد داوە.

 

"بەرهەمەکانمان پشت بە میراتی گوربەتەلی و هاوەڵانی دەبەستن"

جودی عەلی، پەیامنێری کەناڵی ڕۆناهی، ڕایگەیاند، ئەوان بەهای میراتی ژنە ڕۆژنامەنووسان دەپارێزن و وتی: ئێمەی ژنە ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کارەکانمان لەسەر ئەم میراتە ئەنجام دەدەین، ژنانێک کە لە ڕێگای حەقیقەتدا شەهید بوون وەک گوربەتەلی ئەرسۆز، دەنیز فرات، نوژیان ئەرهان و هتد...،  ئەو ژنانە دەستکەوتی مێژووییان لە بواری ڕۆژنامەگەریی کوردیدا بەجێهێشت.

 

جودی عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ژنە ڕۆژنامەنووسە سەرەتاییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: پێش دامەزراندنی سیستمێک، واتە هەنگاوی یەکەمی کاری ژنان لە ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە سەرەتادا ئەم ژنانە خەباتیان بۆی کرد و ڕێگایان خۆشکرد بۆ ئەوەی بگەنە ئەم ڕۆژانە، بە دڵنیاییەوە ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئێمە وەک پێشەنگی ڕاستی سەیریان بکەین و کاریگەرییان لەسەر ژنە ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوا هەبێت.

 

"گوڵستان و هیرۆ هەڕەشە بوون بۆ سەریان"

ئێڤا هەسێ، پێشکەشکاری کەناڵی ڕۆژئاوا تیڤی، سەرنجی بۆ ڕووداوی ئەم دواییەی بە ئامانجگرتنی دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی کورد لە شاری سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕاکێشا و وتی: دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە ژناندا هەوڵی شکاندنی ئیرادە دەدات، لەم دواییانەدا دوو لە هەڤاڵانی ڕۆژنامەنووسمان بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کرانە ئامانجی دەوڵەتی تورک. ئەم ڕووداوە وامان لێناکات هەنگاوێک بچینە دواوە، بە پێچەوانەوە هێزمان لە گەشەکردندایە و بەردەوامین لە کارکردن لەسەر ئەو ڕێبازە.

 

ئیڤا هەسێ ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بخەنەڕوو و لە کۆتاییدا وتی: زانست و گەشەپێدان لەم بوارەدا گرنگە، بێ گومان ڕۆژنامەگەری ژن پشت بە دوو بناغە دەبەستێت، یەکێک لەوانە ململانێیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و دووەمیان خۆ بنیادنانە، لەسەر ئەم بنەمایە بە هەموو ژنە ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێم پەرە بەخۆیان بدەن و سنوورەکان بشکێنن و بناغەیەکی باش لە بواری ڕاگەیاندن دروست بکەن.

 

"هێرشەکان زۆرن بۆ سەر ئێمە"

لاڤا ئیبراهیم، ​​پەیامنێری نەفەل پرۆدەکشن ڕایگەیاند، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەر چوار پارچەی کوردستان زیادی کردووە و وتی: جگە لەو شەڕەی ئێستا کە لەسەر ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەچێت، شەڕی تایبەتیش بە وردی لە سەر ژنان هەیە، هەر بۆیە  ژنان پێویستە بە ئاگا بن. ئەمساڵ ساڵڕۆژی بە ئامانجکردنی کەناڵی تەلەفزیۆنی ژن  تیڤی بوو، لە هەمانکاتدا ڕووداوی بە ئامانجکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ژن، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، لەسلێمانی ڕوویدا.

 

هەروەها وتیشی: ڕۆژنامەنووس و چالاکوان پەخشان عەزیزی و هاوڕێیانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. جگە لەوەش سەدان ڕووداوی شاراوە و ئاشکرانەکراو هەیە. سەدان ڕۆژنامەنووس هەن کە ساڵانێکە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا زیندانی کراون. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ناتوانن بیانخەنە زیندانەوە، بە تەکنەلۆژیا هێرشیان دەکەنە سەر و لە ماڵەکانیاندا دەستگیریان دەکەن. لەلایەکی دیکەوە لە باشووری کوردستان زەحمەتی بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، هەوڵ دەدەن ڕێگری لە کردەوە و ڕاستی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور بۆ ڕای گشتی بکەن".

 

"بوونی یەرەژە دەرفەتێکە بۆ ئێمە"

لاڤا ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام جێبەجێ ناکرێن، یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-یەرەژە کار بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات و لە کۆتایی بە قسەکانیدا وتی: وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستمان بە یەکدەنگی هەیە بۆ ئەوەی هەموومان یەکڕیزیمان بەهێزتر بکەین، ڕاستە یاسا هەیە بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، دەزگا پەیوەندیدارەکان بەو شێوەیە ناوی دەبەن، بەڵام ڕۆژنامەنووسان پارێزراو نین. ئێمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شانسمان هەیە بەهۆی بوونی یەرەژه کە مافەکانمان دەپارێزێت. هێزمان پێدەبەخشێت بۆ بەهێزکردنی کارەکانمان و بەردەوامبین و لە بەرامبەر بەربەستەکاندا بوەستینەوە، بێگومان سەرکەوتن و ئازادی لە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسانەوە مسۆگەر دەبێت.