ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشوور: هێرۆ و گوڵستان دەبنە ڕێبازێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان
ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان، دژی هێرشێكی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان لە نزیک سەیدسادق گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ژنی ڕێکخستوو لە ڕاگەیاندندا دەرخەری حەقیقەت و ئازادییە و پێکەوە کامێرا و قەڵەمەکەی گوڵستان و هێرۆ هەڵدەگرین.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان، بە بەشداری چالاکوانان و ئازادیخوازان دژی بە ئامانجکردنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و گیان لەدەستدانی گوڵستان تارا، ڕاوێژکاری سیاسی و هێرۆ بەهادین، مۆنتێری کۆمپانیاکە و برینداربوونی ڕێبین بەکر، سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەتر گردبوونەوە.
لە گردبوونەوەکەدا دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرێ" وترایەوە، بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی وێنەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین هاوخەمی خۆیان بۆ هاوڕێیان و کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.
سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیەندراوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستانی خوێندەوە و وێرای بە بیرهێنانەوەی هێرشەکەی دوێنێ، ٢٣ی ئەم مانگە، ڕایانگەیاند، "ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، بە تەواوی شکست و بێدەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەردەخات بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە دەروازەی خاکەکەیان واڵاکردووە بە ئاسانی داگیرکاری خاک، سووتاندنی ڕەز و باخ و دارستانەکان، چۆڵکردنی گوندەکان، فشار و هەڕەشەکردن لە گوندنشینان و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدات و هیچ لایەنێکی فەرمیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگی لێوە نایەت.
ئەوەشیان خستەڕوو، کە ئەم هێرشانە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان داگیرکەرانی خاکی کوردستانە، بە تایبەت ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی عێراق و تورکیا، بە چاوساغی پەدەکە، کە هەر ڕۆژەو پیلانێک دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبەن، هەر لە شەنگال تا حەمرین سیاسەتی جۆراوجۆری تاڵانکاری، لەناوبردن، داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن بەڕێوەدەبەن و هەر کەسێکیش دەنگی لێوەبێت بە سیخوڕ و هاوکاری دوژمن بە ناوی دەکەن و دەیکەنە کونجی زیندانەوە.
درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ژنانی باشووری کوردستان بەم شێوەیەیە؛
"ئەمڕۆ کە زوڵم و فاشیزمییەت و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بە ڕێنوێنی خۆفرۆشان و سیخوڕانی ناوخۆیی گەشتووەتە لوتکە، کوردی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان و لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە لە بەرخۆدانی دژواردایە، ئەرکی هەرە سەرەکیش کەوتووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان کە حەقیقەتی داگیرکارییەکان و پیلانە گڵاوەکانیان بخەنەڕوو، لە چەشنی تێکۆشانی ڤیان جاف، نوژیان ئارهان، دەنیز فورات و پەخشان عەزیزی و ناگیهان ئاکارسەلدا، ڕێبازی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بگرنە بەر و تا کۆتای ڕێبواری ڕێگای ئازادی و حەقیقەت و سەربەخۆیی بن.
شەهیدکردنی هاوڕێمان گوڵستان و هێرۆ کاریگەری ڕۆڵی ڕۆژنامەوانیی ژن دەستنیشان دەکات، بە تایبەت لە باشووری کوردستان کە هەموو چەشنەکانی توندوتیژی، دەستدرێژی و هەراسانکردن، بە کاڵاکردنی ژن و داگیرکاری خاک و کولتوور و زمان ڕووبەڕووی ژنان و بە تایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێتەوە، ئەم بە ئامانجگرتنە دەریدەخات ژنانی ڕۆژنامەنووس بە قەڵەم و کامێراکانیان ڕووی ڕاستی داگیرکاری و کۆیلەکردنی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژندا هەڵدەماڵن و پیلانەکانی سیستمی سەرمایەداری و بەرژەوەندخوازی و پیاوی سەردەست دەخەنەڕوو و ڕێبازی تێکۆشانی ژنان لە پێناو ئازادی و حەقیقەتدا دادەڕێژن.
لە کاتێکی وەک ئیستادا کە هێرشە هەمەلایەنەکان چڕ بوونەوە ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەنگ و قەڵەم و کامێراکانیان لە پێناو نیشتمان و خاکەکەیاندایە، لەبەردەم ئەو مەترسییەدان کە هاوشێوەی هاوڕێیانمان بکرێنە ئامانجی هێزە داگیرکارەکان بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا، مێژووی ڕاگەیاندنی کوردیش خاوەنی نەریتێکی گەورەی بەرخۆدانە، ئێمەش وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس درێژەپێدەرانی ئەم نەریتەین، چونکە مێژووی ڕاگەیاندنی ئازاد یەکسانە بە مێژووی بەرخۆدانی گەل و بە خوێنی هاوپیشە و هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان کە درێژەیان بە نەریتی ڕۆژنامەوانی ئازاددا، تا ئەم ساتەش ئەم بەرخۆدانە بەردەوامی هەیە.
ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەم هێرشە سەرکۆنە و ڕسوا دەکەین، نەفرەت لە بکەرانی دەکەین، کۆمەڵگەکەمان هۆشیار دەکەینەوە، کە ئەگەر مەرامەکانی تورکیا سەربگرێت، هیچ کەسێک لەم باشوورە بەوانەشی کە شەڕ لەسەر دەسەڵات دەکەن، پارێزراو نابن.
داوا لە سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، حزب و لایەنەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لە ئاست ئەم هێرشەدا بێدەنگ نەبن و دەنگی خۆیان بگەیەننە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ببەنە ڕێگری لەبەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا، چونکە بێدەنگییان دەبێتە ڕووڕەشی مێژوویی، دەشمانەوێت بە گەلی خۆمان بڵێین: ئەم هێرشانە ناتوانن تەنیا یەک هەنگاو بەرەو دواوەمان ببەن، ئێمە دەبینە دەنگی ئەو ڕاستییەی کە ئەمڕۆ گەلەکەمان باوەڕی پێیەتی.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین قەدەغەکردن و گوشار و تۆقاندن و تیرۆرکردن هەرگیز ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگای ڕاستی دوورناخاتەوە، ژنی ڕێکخستوو لە ڕاگەیاندندا دەرخەری حەقیقەت و ئازادییە و پێکەوە کامێرا و قەڵەمەکەی گوڵستان و هێرۆ لە زەویدا بەجێ ناهێڵین و درێژە پێدەری ڕێبازەکەیان دەبین".