بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە ٤٠٠ کەس لە نەخۆشخانەی شیفا گیانیان لەدەستدا

کاربەدەستانی حکومەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠٠ فەلەستینی لە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە کوشتووە کە بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژە گەمارۆ دراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لە هێرشەکاندا بەلایەنی کەم ٣٢ هەزار و ٧٠٥ کەس کە ١٤ هەزار و ٢٨٠یان منداڵ و ٩ هەزار و ٣٤٩ یان ژنن کوژران، ٧٥ هەزار و ١٩٠ کەسیش برینداربوون، هێشتا هەزاران تەرم لە ژێر داروپەردوو وێرانەی بیناکاندا ماونەتەوە.

 

حکومەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بارودۆخی نەخۆشخانەی شیفا کە بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژە لەژێر گەمارۆی سوپای ئیسرائیلدایە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: نەخۆشخانەکە هێرشی کراوەتە سەر و ماڵەکانی دەوروبەری وێران بوون و سوتێندراون.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ٥٠ ماڵ لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە کراونەتە ئامانج، سوپای ئیسرائیل لە نەخۆشخانەکە و دەوروبەری سەدان نەخۆش و خەڵک و کارمەندانی تەندروستی دەستگیرکردووەو ئەشکەنجە داون، زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش کوژران، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سوپای داگیرکەر ١٠٧ نەخۆشی بەبێ ئاو و دەرمان و خۆراک و کارەبا لە نەخۆشخانەی شیفا دەستگیرکردووە و ٦٠ کارمەندی تەندروستیش دەستگیرکراون، ئیسرائیل ڕێگری لە هەموو جۆرە هەوڵێک دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانە لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە و ئەم دۆخە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.

 

بانگەوازی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

حکومەتی غەززە وتی: ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی گشتی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی، پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلام لەم دۆخە بێدەنگییە دەربازبن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی جینۆساید و وێرانکاری.