"٨ی ئادار ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن دژی ژنان"

ژنانی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپاتیان کردەوە کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، درکیان بەوە کرد کە ٨ی ئادار تەنیا ڕۆژێک نییە بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و نادادپەروەری.

سایدە شێرزاد

 

ناوەندی هەواڵ - ٨ی ئادار بە ڕۆژێک دادەنرێت بۆ بەرز ڕاگرتنی خەباتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و دەستکەوتەکانی ژنان لە سەردەمی خەباتی ڕزگاریخوازی دژی سیستمە پیاوسالارییە ژنکوژەکان، لەم ڕۆژەدا بە ئامانجی یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە ساڵانی خەبات و بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە جیاکاری جێندەری و بەهێزکردنی پشتیوانی جیهانی بۆ مافەکانی ژنان، ژنان چالاکی بەڕێوە دەبەن.

 

ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەرەڕای چەندین ئاڵنگاری وەک هەڵاواردنی ڕەگەزی، سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی، و نایەکسانی پیشەیی و پەروەردەیی، دوو بایەخی بەدەستهێناوە؛ ژنان لە پێشەنگایەتیکردنی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، لەوانەش شۆڕش، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن، هەروەها ژنانی چالاکوان لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پێشەنگی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن.

 

لەو چوارچێوەیەدا شۆڕشی گەورەی ژنانی ئێران گۆڕانکاریی بەربڵاوی لە ژن و پیاودا هێنایە ئاراوە، چونکە لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا ژنان زیاتر ئاگاداری مافەکانی خۆیان بوون، زیاتر تێکۆشان و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانیش درک بە گرنگی پرسەکە دەکەن و یاوەری ژنانن.

 

ز.ع ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵە کە بە پێی لێدوانەکانی خۆی، لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ دەیەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تەنیا فێری دژایەتیکردنی ڕژێمی ئێران کرابوو، چونکە برا و باوکی بە دەستی ئەم ڕژێمە کوژراون، ز.ع. کە لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شەقامدا لە لایەن ئەفسەرانی ئەمنییەتی حکومەتی ئێرانەوە لێیدرا، دەڵێت: هەمیشە پێم وابوو کە تەنیا بە هۆی کوشتنی برا و باوکمەوە ڕقم لە ڕژێم بێت، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، بارودۆخی ئابووری و گرنگینەدان بە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، بووە هۆی گۆڕانکاری لە مندا کە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی دیکە لەم ساڵانەدا هەستم پێ نەکردبوو.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەگەڵ کوشتنی زینا و هاتنەدەرەوەی ژنان بۆ سەر شەقامەکان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی" و " مردن لەبەر ڕووسەری، تا کەی قوڕ بە سەری"، بۆم دەرکەوت کە بۆچی ژنانی ئێمە ناچارن خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو حیجابدا، بۆچی دەبێت شەڕ بۆ ئەم پرسانە بکەین کە سادەترین مافی هەموو ژنێکە، ئێستا دەزانم کە دەبێت شەڕ بکەم بۆ شتێک لە دەرەوەی ئەوەی فێربووم و وەک ژنێک، ئەوە مافی منە.

 

فەریبە.ح. تەمەنی ٣٩ ساڵە و لەژێر کاریگەری عەقڵیەتی پیاوانەدا ژیانێکی سەخت دەژیا، ئەو دەڵێت: لە گەنجییەوە ڕێگەم پێنەدەدرا بچمە قوتابخانە و لەبەر ئەوەی هەموو کچەکانی ناو خێزانەکەشم بەم شێوەیە بوون، پێم وابوو ئاساییە، کاتێک گەورە بووم و کچانی هاوتەمەنی خۆمم بینی کە دەچنە قوتابخانە، بۆم دەرکەوت کە ئەو نادادپەروەرییە بەسەر من و کچەکانی دیکەی خێزانەکەدا هاتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵاواردن و نادادپەروەری بینیوە و شاهیدی بووە، بەڵام نەیوێرا ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەشڵیت: بوونی ژنان لەسەر شەقام دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وایکرد بوێرم داوای مافەکانم بکەم، ئێستا چیتر قبوڵ ناکەم کە پیاوەکانی دەوروبەرم ئاراستەم بکەن، هیچ شتێکمان لەبارەی ٨ی ئادارەوە نەدەزانی تەنها پێم وابوو ڕۆژی جیهانی ژنانە، بەڵام ئێستا تێدەگەم کە ڕۆژی ژنانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جیاکارییە کە ڕووبەڕووی ببوومەوە.