لە کۆیە ژنێک لە ماڵەکەیدا کوژرا

لە شارۆچکەی کۆیە ژنێکی تەمەن ٧٨ ساڵ لە ماڵەکەیدا بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان بەهۆی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی و چەکدارکردنی کۆمەڵگەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دڕندە، بەهەر بیانوویەک بێت بەردەوامی هەیەو لە نوێترین ڕووداودا ژنێکی تەمەن ٧٨ ساڵ لە کۆیە لە ماڵەکەیدا کوژراوە.

 

ئێوارەی دوێنێ.٢٣ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی جەمیعەی شاری کۆیە، ژنێكی تەمەن ٧٨ ساڵ لە ماڵەکەیدا کوژراوە، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە و پاش گەیشتنى تیمەکان دەرکەوتووە ئەو ژنە بە تەنها ژیاوە و ٢٠ شوێنەواری لێدانی چەقۆ بە لەشیەوە هەبووە.

 

بە پێی زانیارییەکانی شێروان جەلال، جێگری بەرێوبەری گشتی تەندرووستی كۆیە کە بە میدیاکانی داوە، ژنەکە چەند كاتژمێرێك پێشتر كوژراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، كە بە تەنیا ژیاوە درەنگ بە ڕووداوەکە زانراوە.

 

تەرمی ژنەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری هەولێر كراوە بۆ ئەوەی زیاتر زانیاری لەسەر چۆنیەتی كوژرانەکەى بزاندرێت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.