بەهۆی گەمارۆوە نەخۆشخانەکان لە خزمەتگوزاری دەوەستن

عەلیا محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی هەرێمی عەفرین-شەهبا ڕایگەیاند، ئەو بەشەی کەبەهۆی گەمارۆی حکومەتی شامەوە زۆرترین باجی داوە، کەرتی تەندروستییە و بە بەردەوامبوونی گەمارۆ زیانی زۆری بەردەکەوێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-بەهۆی چڕبوونەوەی گەمارۆکانی حکومەتی شام بۆ سەر ناوچەی شەهباو نەبوونی سووتەمەنی بۆ ناوچەکە، چەندین زیان و مەترسی دروست دەبێت، لە شەهبا تەنها نەخۆشخانەی ئاڤرین کراوەیەو خەڵک لەوێ چارەسەری خۆیان دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو بەربەستەی کەلەسەر ناوچەکە هەیە، ئەم نەخۆشخانەیە ٨٠%ی خزمەت ناکات چونکە ماددەی سووتەمەنی تێدا نییە،هەروەها ئەمە چەندین بەربەست دروست دەکات، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، نەخۆشیی زیاد دەبێت و خەڵک زیاتر پێویستی بە چارەسەرە.

 

لەبارەی کاریگەرییەکانی گەمارۆی حکومەتی شام بۆسەر کەرتی تەندروستی ناوچەکەو  ئەو مەترسییەی دروستی دەکات، عەلیا محەمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستی عەفرین - شەهبا هەڵسەنگاندنی کرد.

 

"نەخۆشخانە ناچارە دەرگای دابخات"

لە سەرەتای قسەکانیدا عەلیا محەمەد تیشکی خستە سەر کاریگەری گەمارۆ لەسەر کەری تەندروستی و وتی: ماوەیەکی زۆرە ناوچەی شەهبا لە گەمارۆدا دەژی، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ڕێگایە قورستر دەبێت، ساڵانە حکومەتی شام دەیەوێت لە زستاندا ڕێگری لە بەرخۆدانی گەلی ناوچەکە بکات و دەرگاکانی کۆچ لەبەردەمیان بکاتەوە، ئەمساڵ، گەمارۆکانی قورستر کردووە و ڕێگە بە پێداویستییەکانی ژیان وەک سووتەمەنی نادات بچنە ناو ناوچەکەوە، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە، پێویستە بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانەی ئاڤرین دابخرێت و پێشوازی لەو کەسانە بکەین کە تەنها پیویستییان بە بەشی فریاکەوتنە.

 

"لە ڕێگەی گەمارۆوە بەربەست دروست دەکەن"

عەلیا محەمەد ڕایگەیاند، نەخۆشی لە وەرزی زستاندا لەناو خەڵکدا زیاد دەکات، بەڵام بەداخەوە نەخۆشخانەکان ناچارکراون دەرگاکانی خۆیان دابخەن و وتی: لە وەرزی زستان و وەرزی سارددا، نەخۆشییەکانی مرۆڤ بەهۆی کەشوهەوای ساردەوە زیاد دەکەن، بەڵام بەداخەوە نەخۆشخانەکەمان دەبێت دەرگاکانی دابخات و چارەسەر پێشکەش نەکات، کێشەی سەرەکی دەرمانەکان بەردەست نین و بە نرخێکی زۆر گرانن، هەرچەندە هەوڵمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام هێزی گەمارۆکە سەختترە.

 

"پێویستە بە خێرایی گەمارۆی شەهبا لاببرێت"

عەلیا محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە ڕێکخراوە تەندروستییەکانی جیهان کرد و وتی: داوا لە ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان دەکەین کە تەندروستی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە، بەڵام لە شاری شەهبا حکومەتی شام ئەم مافە پێشێل دەکات، پێویستە دەستبەجێ گەمارۆکانی سەر شەهبا هەڵبگیرێن، لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات، بەتایبەتی کەرتی تەندروستی کە چیتر ناتوانێت پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکات بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە.