تەقینەوەیەک لە قامیشلۆ: ژنێک گیانی لەدەستدا
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لە تەقینەوەکەی دوێنێ، ٢٢ی تشرینی یەکەم، ژنێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لەسەر شەقامی کۆرنیش لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە، ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛
"لەئەنجامی تەقینەوەکەدا ژنێک ژیانی لەدەستدا و پیاوێکیش برینداربوو، بریندارەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هێزەکانمان لە دەوری شوێنی تەقینەوەکە تۆڕێکی ئەمنییان دروستکرد لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان. دوای کوژاندنەوەی ئاگری ئۆتۆمبێلەکە دەرکەوت کە هێشتا مینێکی تێدایە و نەتەقیوەتەوە، هێزەکانمان لێکۆڵینەوەی وردیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە".