غەززە... هێرشەکانی ئیسرائیل گیانی ژن و منداڵان  دەخاتە مەترسییەوە

بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

غەززە

 

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە فەلەستین بۆ ١٦ کەس بەرزبووەوە کە ٤ منداڵ و ٦ ژن بوون، ١٨ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە شاری کۆنی بنابلس لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامە و فڕۆکە جەنگییەکانیان لە بەرەبەیانی دوێنێ، ٩ی ئایار، هەڵمەتیان بۆ سەر ماڵە نیشتەجێبوونەکان لە پارێزگاکانی ڕەفەح و غەززە دەستپێکرد.

 

سەنتەری میزان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی شەرمەزار دەکات، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسیارن، هەروەها بەپەلە کار بۆ وەستاندنی هێرشەکان بکرێت تا زیانی زیاتری لێنەکەوێتەوە.

 

ناوەندەکە جەختی لەوە کردەوە، کە بۆردومانکردنی ناوچە سەلامەت و شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی و تیرۆرکردن بەشێکە لە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی گەورەی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی پێشێلی بڕیارەکانی چوارەمین ڕێککەوتنی جنێف بۆ پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی و پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما، کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراندووە، جەختی لەوە کردەوە کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێتوانایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی جەنگ، پاڵ بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە دەنێت کە بەردەوام بن لە تاوانەکانیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستین، جا چ لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە بێت.

 

کۆمەڵەی "الضمير" بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر پێویستی دەوڵەتانی ئەندامی ڕێککەوتنی چوارەمی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ کردەوە، کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل پابەندە بە ڕێزگرتن لە بڕگەکانی پەیماننامەی چوارەم، بەتایبەتی ڕێسا یاسایی و ئەخلاقییەکان کە دۆخی داگیرکاری شەڕانگێزانە ڕێکبخەن.

 

هێرشە ئاسمانییەکان بەشێکن لە دوایین بابەتەکانی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا، چونکە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل دووبارە بووەتەوە و توندوتیژیی دانیشتووان لە کەناری ڕۆژئاوا پەرەی سەندووە.

 

شایانی باسە لە مانگەکانی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ پێکدادان و هێرشەکان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و کوتلە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین زیادیکرد و دوای هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس لە مانگی نیسانی ڕابردوو، و پێکدادانەکانی دەرئەنجامی ئەو شەڕە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و ئۆپەراسیۆنە تاکەکەسییەکان، وەک قەیرانی ناوخۆیی ئیسرائیل، ڕۆڵی لەم پێکدادانانەدا.

 

سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ٩ی ئایاردا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "تیری بەرگری" هەڵیکوتایە سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە و بە گشتی ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەری بەکارهێنا.