له سێ قوتابخانەی دیکەی ئێران قوتابییان ژەهرخوارد کران

لە ئێران هێرشەکان بە گازی ژەهراوی دژی قوتابخانەکان بەردەوامن،  کاردانەوەی چالاکوانانی مەدەنیش ڵە دژی ڕووداوی ژەهراویبوونی خوێندکارانی کچ و هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشی ژەهراوی بۆ سەر خوێندکارانی خوێندنگاکانی کچان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامەو چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ داوایان لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کرد بەرپرسیارێتی خۆیان لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا جێبەجێ بکەن.

 

ئەو خێزانانەی کە دەیانویست منداڵەکانیان دەرباز بکەن ڕێگەیان لێگیرا

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ٦ی ئایاردا لانیکەم سێ قوتابخانەی کچان بە گازی ژەهراوی هێرشیان کراوەتەسەرو کاریگەریی لەسەر تەندروستی قوتابیان کردووە، ڕاپۆرتەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشە ژەهراوییەکە کاریگەری لەسەر قوتابخانەی مایسی کچان و قوتابخانەی ئومول موئمینین لە مەریوان کردووە،  هەروەها قوتابخانەی شاری هەمەدان بە گازی ژەهراوی هێرشی کرایە سەر و چەند خوێندکارێک ژەهراوی بوون، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند کە خێزانەکانی قوتابییەکان دەیانویست کچەکانیان لە قوتابخانە دەرباز بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی لەبەردەم قوتابخانەکە کۆبوونەوە ڕێگرییان لێکردن.

 

چەندین کەس بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ٨ قوتابخانەی کچان بەهۆی گازی ژەهراوییەوە لە شارەکانی سنە، بانە، سەقز، یەزد، تاران، کرماشان، ژەهراوی کراون، بەهۆی بەردەوامی ژەهراویکردنەوە ژمارەیەک لە پارێزەرانی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییان دا لە زیانی گەورەو جەختیانکردەوە، پێویستە حکومەت قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەو ڕووداوانە بکاتەوە، چونکە بەردەوامبوونی ڕووداوەکانی ژەهراویبوون لە قوتابخانەکانی وڵاتەکە زیانی گەورەی بە خوێندکارانی کچ و منداڵان و مامۆستایان و بەشەکانی تری کۆمەڵگە گەیاندووە.

 

یەکێتی مامۆستایان لە ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ٩ی ئایار ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ شەرمەزارکردنی ئەو ڕووداوانە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان و باشترکردنی بارودۆخەکەیان.