بریندارانی بوومەلەرزەکە بەهۆی چارەسەر نەکردنەوە تووشی هەوکردن بوون

لە گوندەکانی مەڕەش دوای بوومەلەرزەکە کەس نەڕۆیشتووە بۆ یارمەتیدان و چارەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییە بریندارانەی لەناو بینا ڕووخاوەکاندا دەرهێندراون، شوکران ئایدۆغان، کارمەندی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەو بریندارانە تووشی هەوکردن و سووتانەوە بوون.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

مەڕەش- لە بازاڕجیخی مەڕەش کە لە ٦ی شوبات چەندین بوومەلەرزەی یەک بەدوا یەک بە گوڕی جیاواز ڕوویاندا، لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا  داڕمانی گەورەی لێکەوتەوە، لە شارەکاندا هەوڵ و کۆششی گەڕان و ڕزگارکردن ئەنجام نەدراون و خەڵک بە پشتیوانییەوە لەسەر پێی خۆیان دەمێننەوە، لە شارەکانەوە بەرەو گوندەکان دیمەکان قورستر دەبن، زۆرێک لە گوندەکان کاری گەڕان و ڕزگارکردن لەلایەن گوندنشینەکانەوە ئەنجامدرا و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەخاک سپێردران، بریندارەکان لە بینا ڕووخاوەکاندا دەرهێنراون و هیچ یارمەتییەکیان بۆ نەکراوە و برینەکانیان ساڕێژ نەکراوە، سەرەڕای کەشوهەوای سارد خەڵک ناچارن لە دەرەوە بمێننەوە و لە لەشی منداڵاندا هەوکردن و شین بوونەوە و سووتانەوە دەبیندرێت.

 

"ئەو بریندارانەی چارەسەریان بۆ نەکراوە تووشی هەوکردن بوون"

شوکران ئایدۆغان، کارمەندی تەندروستی، لە ئیستانبوڵەوە بۆ مەڕەش چووە، ماوەی ٨ ڕۆژە هاوکاری تەندروستی بۆ ناوەندەکانی شار و گوندەکان ئەنجامدەدات و لەگەڵ کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی تیمێکی گەڕۆکی تەندروستیان پێکهێناوە و ڕۆژانە وەک دوو تیم دەچنە گوندەکان و تا ئێستا گەیشتوونەتە زیاتر لە ٤٠ گوند، وتیشی: کات بەسەرچووە بەهۆی ئەوەی تیمە تەندروستییەکان نەچوونەتە گوندەکان و برینەکانی هاوڵاتیان بە کراوەیی ماونەتەوە، هەوڵدەدەین بگەین بەو کەسانەی کە دۆخیان خراپە و چارەسەری بەپەلەیان پێویستە، ئێمە یارمەتیان دەدەین و چارەسەری دەروونیش دەدەین، دەتوانین بڵێین ئەوانەی لە گوندەکاندا ماون، بەجێهێڵدراون بۆ مردن.

 

"لە هەندێک لە گوندەکان هیچ ڕێگایەک نەکراوەتەوە و هاوکاریش نەچووە"

شوکران ئایدۆغان بەبیری هێنایەوە کە دوای بوومەلەرزەکە چەندین گوندی شاخاوی کەس نەگەیشتووەتە ئەوان، "ئەوانەی لە ژێر بیناکاندا نەماون، ڕۆژانە لە برسییەتی و تەنیاییدان، بەهۆی کەشوهەوای ساردەوە خەڵک زۆر ئازار دەچێژن، دوای بوومەلەرزەکە هەندێک لە گوندەکان چووین بینیمان کە هێشتا ڕێگاکانیان نەکراوەتەوە، لە گوندێک کە نزیکەی ١٥٠-٢٠٠ کەس تێیدا دەژین، بینیمان کە تەنها یەک چادریان هەیە".

 

"ئێمە دەمانزانی هیچ یارمەتییەک بۆ ئێمە نییە"

شوکران ئایدۆغان ڕایگەیاند، کە تیمەکانی ئافاد هیچ هاوکارییەکیان نەکردووە، بەتایبەتی لە گوندی عەلەوییەکان، هاوڵاتیانی ئەو گوندانە وتیان "لەبەرئەوەی ئێمە زانیمان کە هاوکاریمان ناکرێت، خۆمان ئامادەکاریمان کرد"، شوکران ئایدۆغان وتی: گوندنشینەکان خۆیان وێرانەکانیان کۆدەکردەوە و لەناو ئەو چادرانەدا کە خۆیان لە گوندەکەدا و بە هاوکاری خەڵک دایاننابوو ماونەتەوە، لە ڕۆژی سێیەمدا، ئافاد چوو بۆ گوندەکان، نەک بۆ ئەوەی بپرسێت کە ئایا چی پێویستییەک هەیە، بەڵکو بۆ زانینی ژمارەی گیانلەدەستدان چوون، ئەگەر ئەم خەڵکە بە دەرفەتەکانی خۆیان چادریان بۆ خۆیان دانەنابا، ئەوا خەڵکی زیاتر ژیانیان لە دەستدەدا.

 

"چەندین گوند هەن کە تیمە تەندروستییەکان نەگەیشتوونەتە ئەوان"

شوکران ئایدۆغان وتی: بارودۆخی هەموو گوندەکان وەک یەکن و دەبێت هاوکاری ڕابگەیەندرێت، ئەو کەسانەی کە بریندار نەبوون لە تراومادا دەژین، هێشتا ئەو نەخۆشانە هەن کە تیمە تەندروستیەکانیان نەگەیشتوونەتە لایان، کاتێک ئەوان پەیوەندیان بە ١١٢ کرد، پێیان وترا کە ئێمە ئێستا ناتوانین بگەین بە ئێوە، ئێمە دەپرسین ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی چیا و بەفر لەکوێن؟ بەڕای من دەبوو لە یەکەم ڕۆژدا هاوکاری ڕابگەیەندرایە، تەنیا ئیستانبوڵ بەس بوو کە بێت بۆ ئێرە، هەریەک لەوان بەردێکیان بەرز دەکردەوە ئەوە بەس بوو، یەکێک لە نەخۆشەکانمان دەڵێت بەهۆی ترسەوە خەوتن و خواردنی نەماوە.