کەجەدەکە و تەژەکە-ئەوروپا بانگەوازیی هاوکاری دەکات و سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند

کەجەدەکە-ئەوروپا و تەژەکە-ئەوروپا بۆ بەبیرهێنانەوەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە سێ ڕۆژ ماتەمەینی ڕاگەیاند و بۆ گەیشتنی خێرای هاوکاری و یارمەتیدانی خیزانەکان داوای هاوکاری کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستان لە ئەوروپا-کەجەدەکە ئەوروپا و تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا-تەژەکە ئەوروپا سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە زیاتر لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ قوربانیان ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە جگە لە شەڕ و کۆمەڵکوژی هیچ بۆ جوگرافیای کوردستان ناکات، تەنها سەیری کارەساتەکە دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەیسەپێنێت کە لە ڕێگەی ئافادەوە هاوکاریی مرۆیی بکرێت و بەم شێوەیە ڕێگری دەکات لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە قوربانییە ڕاستەقینەکان و سەرەتا بگاتە لایەنگرەکانی، لە کارەساتێکی ئاوادا، ئەو بە دوای سوددا دەگەڕێت، هەروەها هەوڵی ژووری پزیشکی تورکیا بۆ ناردنی تیمە تەندروستییەکان گرفتێک بوو.

 

خاکی کوردستان کە بەهۆی شەڕەوە سەرچاوەکانی خۆی لەسەر زەوی و ژێر زەویدا بە سەختی تێکشکێنرا، بە کارەساتی بوومەلەرزەکە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە هەرەسی هێنا و کارەساتێک ڕوویدا.

 

دەوڵەت ڕێوشوێنی پێویست لە دژی کارەساتەکان ناگرێتە بەر

دەوڵەتی تورکیای فاشیست بەرپرسیاری سەرەکییە لە ئازاری دارایی و مەعنەوی و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان، بۆیە ئاشکرایە کە ئەم دەوڵەتە ڕێوشوێنی پێویست لە دژی ئەم کارەساتە ناگرێتەبەر و هاوکاری پێویست پێشکەش ناکات، بۆیە داوا لە گەلەکەمان و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکانمان و پێکهاتەکان و شۆڕشگێڕان و دیموکراتخوازان و ڕۆشنبیران و هەموو ئەوانەی پشتگیری مرۆڤایەتی دەکەن، دەکەین بۆ ئەوەی لە دژی ئەم کارەساتە هەڵوێستیان هەبێت، سەفەربەر بن، ئێمە دەزانین کە کوردانی دەرەوەی وڵات نان و دەرفەتەکانیان لەگەڵ زیانلیکەوتووانی بوومەلەرزەکە هاوبەش دەکەن، ئەم هاوکارییەش دەبێت لەڕێگەی هەژماری مانگی سووری کوردستانەوە دابین بکرێت.

 

کەجەدەکە-ئەوروپا و تەژەکە-ئەوروپا ڕایانگەیاند، کە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆن و فیدراسیۆن و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکان و باوەڕییەکان و پێکهاتەکانیانەوە مێزی قەیرانەکان کە دامەزراون، هاوکارییەکانیان بنێرن.