بوومەلەرزەکە زیانی بە سوریا و ڕۆژئاوا گەیاند؛ لانیکەم ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی لە تورکیاوە ڕوویدا، لە سوریا و ڕۆژئاوا لانیکەم ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٥ پلەی ڕێختەر لە کاتژمێر ٠٤:١٧ لە شاری مەرەش ڕوویدا و لە شارەکانی دهۆک و هەولێر لە باشووری کوردستان و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش هەستی پێکرا، لە هەندێک ناوچەش وێرانکاری لێکەوتەوە.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بووەتە هۆی گیانی لەدەستدانی لانیکەم ١٠٠ کەس و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

 

بومەلەرزەکە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عەفرین، ئیدلب، حەلەب، حەما، لازقییە و ڕەققە بە توندی هەستی پێکراوە و وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سانا، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی حەلەب، ٤٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، لانیکەم ٢٠ باڵەخانە لە تەواوی شارەکەدا وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.

 

هەروەها لە ناوچەکانی باکووری سوریا دەیان باڵەخانە وێران بوون و زیانیان پێگەشتووە، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هاوڵاتیانی ژێر وێرانەکە، بەگوێرەی دەرئەنجامە یەکەمەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا لانیکەم ٥٨ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سەدان هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.

 

هەڵمەتی گەڕان و ڕزگارکردنی هاوڵاتیان بەردەوامن.